ئەردۆغان سەرۆکی 10 وڵات بانگهێشتی ئەرزەڕۆم دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا سوپاسی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاوئاهەنگیی ئابووری کرد، کە پارێزگای ئەرزەڕۆمیان کردووەتە پایتەختی گەشتیاریی رێکخراوەکە و بانگهێشتی کردن بۆ ئەوەی سەردانی ئەو شارەی باکووری کوردستان بکەن.
لە گوتارێکیدا کە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی رێکخراوی هاوئاهەنگیی ئابووری لە ئۆزبەکستان پێشکێشیکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بانگهێشتی سەرۆک و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی کرد سەردانی پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان بکەن.
رێکخراوی هاوئاهەنگیی ئابووری لە چوارەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی گەشتیاریدا پارێزگای ئەرزەڕۆمی وەکو پایتەختی گەشتیاری بۆ ساڵی 2025 ناساند. ئەردۆغان بەم بۆنەیەوە سوپاسی وڵاتانی ئەندامی کرد.
ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان بەهۆی رووتەختەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر و شوێنەکانی یاریی زستانەوە، زیاتر لە وەرزی زستاندا ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی تێدەکەن. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە شوێنەواری سەردەمە جیاوازەکان لەو شارەدا هەن، کە بەهۆیانەوە ساڵانە لە وەرزی زستاندا گەشتیارانی نێوخۆیی و دەرەوەش روو لە ئەرزەڕۆم دەکەن.
رێکخراوی هاوئاهەنگیی ئابووری ساڵی 1985 دامەزراوە و 10 ئەندام و چاودێرێکی هەیە. ئەفغانستان، ئازەربایجان، ئێران، کازاخستان، قیرغستان، ئۆزبەکستان، پاکستان، تاجیکستان، تورکیا و تورکمەنستان ئەندامی ئەو رێکخراوەن و قوبرسی باکووریش وڵاتی چاودێرە.
دیمەنی ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان: