لە ئیستەنبووڵ 4 کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزی ئاسایشی ئیستەنبووڵ چوار کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردن و داڵدەدانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەستگیرکران.
 
تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵن بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-11-2023 لە ئۆپەراسیۆنێکدا چوار کەسیان بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکرد. ئۆپەراسیۆنەکە کرایە سەر چەند ناونیشانێک کە بەپێی زانیاریی ئاسایش، لەو شوێنانەدا گەریلای پەکەکە هاوکاری کراون و داڵدە دراون.  
 
ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا، لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمنییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو چوار کەسە پەیوەندییان لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپای پەکەکە هەیە و هاوئاهەنگی لە نێوانیاندا هەبووە. چوار دەستگیرکراوەکە گواسترانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ و گوتەیان لێ وەرگیرا. هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ژمارەیەک بەڵگەی نووسراو و ئامێری ئەلیکترۆنیدا گرتووە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەک لەبارەی تۆمەتباربوونی ئەو چوار کەسە نەخراوەتەڕوو و لێکۆڵینەوە بەردەوامە. ئەمە لەکاتێکدا میدیای نزیک لە پەکەکە هیچ روونکردنەوەیەکی لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
 
دوای تێکچوونی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد، ساڵی 2015 شەڕ لە نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان دەستیپێکرد کە ئەو شەڕە بە "شەڕی خەندەق" ناسرا. لەبەر ئەوەی پەکەکە لە کۆڵانەکاندا خەندەقیان لێدابوو و شەڕیان لە شاخەوە گواستەوە بۆ چەند شار و شارۆچکەیەکی باکووری کوردستان. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ئۆپەراسیۆن لە دژی پەکەکە بەردەوامە.