گالەری

09-09-2024
17 Photos
هێمن عەساف
رووداو دیجیتاڵ

لە تورکیا و باکووری کوردستاندا وەرزی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 بە بەشداری نزیکەی 20 ملیۆن قوتابی دەستیپێکرد.
 
بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2024) وەرزی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان دەستیپێکرد. یەکەم زەنگی دەستپێکردنی خوێندن بۆ نزیکەی 20 ملیۆن قوتابی و 1 ملیۆن و 233 هەزار مامۆستا لە 73 هەزار و 984 قوتابخانە لێدرا. 
 
لە سەرجەم پۆلەکانی 1 تاوەکو 9، بۆ یەکەمجار سیستمی مۆدێلی مەعاریف جێبەجێ دەکرێت، کە سیستمی سادە و راستەوخۆیە و بۆ ئاسان فێربوونی قوتابیان سیستمی دەنگ و رەنگ و کردەیی بەگرتنەبەری شێوازی ئەنیمەیشن و دیجیتاڵ بەکاردێت. بۆ یەکەمجار ئەم سیستەمە لە ساڵی 2017 خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. 
 
رۆژی 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، وانەکانی وەرزی یەکەمی ساڵ کۆتاییان دێت و پشووی نیوەی ساڵ لە رۆژانی 20-31ـی کانوونی دووەمی 2025 دەبێت. دەستپێکی وەرزی دووەمی ساڵ لە رۆژی 3ـی شوباتی 2025 دەبێت. رۆژی 4ـی نیسانی 2025، تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ بۆ قۆناخەکانی سەرەتایی دەستپێدەکات. 
 
لە سیستمی پەروەردەی تورکیا، تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە. لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت. ناونووسین بۆ وانەی بژاردە، پۆلەکانی 5 تاوەکو 8 ـی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێتەوە. 
 
 
بەگوێرەی سیستمی خوێندن لە وانەی بژاردە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی باوک و دایکی قوتابی زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، یەک ملیۆن و شەش هەزار قوتابی بیانی لە قۆناخی سەرەتاییدا لە سەرانسەری تورکیادا دەخوێنن. زۆربەیان هەڵگری رەگەزنامەکانی سووریا، عێراق، ئێران، رووسیا، ئازەربایجان، ئەفغانستان، ئۆزبەکستان، تورکمانستان، کازاخستان و میسرن.
 
هەر بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان؛ لە ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان 19 ملیۆن و 904 هەزار و 679 قوتابی هەن. 15 ملیۆن و 887 هەزار و 296 قوتابی لە قوتابخانە حکومییەکاندا دەخوێنن. یەک ملیۆن و 670 هەزار و 729 قوتابی لە قوتابخانە تایبەتەکاندا دەخوێنن. دوو ملیۆن و 346 هەزار و 654 قوتابی لە خوێندنی پارالێل و ئۆنلاین دەخوێند. 
 
دوو ملیۆن و 55 هەزار و 350 قوتابی لە قۆناخی پێش سەرەتایی، پێنج ملیۆن و 535 هەزار و 531 قوتابی لە قۆناخی سەرەتایی، پێنج ملیۆن و 524 هەزار و 117 قوتابی لە قۆناخی ناوەندی، شەش ملیۆن و 789 هەزار و 681 قوتابی لە قۆناخی دواناوەندی دەخوێنن. 
 
هەروەها لە تورکیا و باکووری کوردستان، یەک ملیۆن و 154 هەزار و 383 مامۆستا هەن. 974 هەزار و 488ـیان فەرمین و 179 هەزار و 895 مامۆستاش گرێبەستن.