وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی 33 کەسی بە تۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە راگەیاند

09-09-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی 33 کەسی بە تۆمەتی ئەندامبوونیان لە پەکەکە لە 12 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا راگەیاند.
 
ئەمڕۆ 9ی ئەیلوولی 2024 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی ئێکس، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی گشتگیری بەناوی گورز لە 12 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا لە دژی شانە نهێنییەکانی پەکەکە راگەیاند و دەڵێت، 33 گومانلێکراو دەستگیر کراون.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیادا هاتووە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ میت و هەواڵگریی ئاسایش، زانیاری لەبارەی شانە نهێنییەکانی پەکەکە کۆکرایەوە، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات بەناوی گورز دەستیپێکرد.
 
عەلی یەرلیکایا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکانی ئێلیە، دیلۆک، خارپێت، ئەرزینگان، جۆلەمێرگ، وان و رووها لە باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئەنتاڵیا، ئەدیرنە، ئیستەنبووڵ، مەرسین و موغڵا-ی تورکیا ئەنجامدرا و 33 گومانلێکراوی پەکەکە دەستگیر کران.
 
باس لەوەش کراوە، لەکاتی پشکنینی ئەو ناونیشانانەی گومانلێکراوەکان تێیاندا دەستگیر کران، دەستبەسەر ژمارەیەکی زۆر بەڵگەنامەی دیجیتاڵی و چەکی بێمۆڵەت و چەندین بڵاوکراوەی پەکەکە-دا گیرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە