لێکۆڵینەوە لە پەرلەمانتارێکی کوردی جەهەپە دەکرێت

09-09-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن جەهەپە تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە، بەهۆی قسەکانی سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئامەد کە گوتبووی "سوپای تورکیا تۆمەتبارە بە فڕێدانە خوارەوەی 15 هاونیشتمانی کورد لە هەلیکۆپتەر و سووتاندن و بۆردوومانکردنی گوندەکانی کورد،" لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی وەڵامیدایەوە. 
 
سەزگین تانریکوڵو، شەوی هەینی 8ـی ئەیلوولی 2023، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لە رێگەی تەلەفۆنەوە، رەخنەی لە سوپای تورکیا گرت و ئاماژەی بەوەدا، بەگوێرەی ئەو دۆسیانەی لە دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا بەدواداچوونیان بۆ دەکات، سوپای تورکیا تۆمەتبارە بە فڕێدانە خوارەوەی 15 گوندنشین لە هەلیکۆپتەرەوە. هەروەها هێزە چەکدارەکانی تورکیا گوندە کوردنشینەکانیان سووتاندووە و بۆردوومانیان کردووە. 
 
گوتەکانی تانریکوڵو کاردانەوەی بەشداربووەکانی دیکەی بەرنامەکەی لێکەوتەوە، کە لە ستۆدیۆ ئامادەبوون. ئەوان ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپەیان تۆمەتبار کرد بەوەی لە بری رەخنەگرتن لە پەکەکە، رەخنە لە سوپای تورکیا دەگرێت و "بەردەوام بەها نەتەوەییەکان پشتگوێ دەخات، سووکایەتی و بوختانی ناشیرین هەڵدەبەستێت." 
 
تانریکوڵو لەسەر کاردانەوەکانیان لە ئامادەبووانی پرسی، "ئەو هەموو گوندە کێ سووتاندنی، ئەو سوپایەی کە لە رووسیاوە هاتبوو؟ رووداوەکانی رۆبۆسکی هێشتا تازەن، ئایا ئەو فڕۆکانە لە رووسیا هاتن، یان ئەو فڕۆکانەی لە ئەرمینیاوە هاتن، ئەوان بۆردوومانیان کرد؟" 
 
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپەی ئامەد ئاماژەی بەوەدا، لێپرسینەوە لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەکەن، گوتی "هەموو کارێک کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەیکات دوور نییە لە رەخنە، ئێمە پەرلەمانتارین و لێپرسینەوەیان لێ دەکەین. ئێمە بۆ نەهێشتنی ئەو جۆرە گومانانە لە سەر هێزە چەکدارەکانی تورکیا، ئەو لێپرسینەوەیە دەکەین."
 
لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ شەممە 9ـی ئەیلوولی 2023، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، بە تۆمەتەکانی "سووکایەتی و بێڕێزیکردن بە گەل و دەوڵەت و دامەزراوەکانی کۆماری تورکیا" و، "هاندانی خەڵک بۆ دژایەتیکردن و نانەوەی رق و کینە" تۆمەتنامەی ئامادەکرد و لێکۆڵینەوە لە دژی سەزگین تانریکوڵو راگەیاند. جەخت لەوەش دەکاتەوە، بەپێی ماددەی 216ـی یاسای سزاکانی تورکیا، تووندترین سزا ئاراستەی ناوبراو دەکەن و سەرەتا لە لێسەندنەوەی پارێزبەندییەوە دەستپێدەکەن. 
 
لەلایەکی دیکەشەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، بەتووندی وەڵامی پەرلەمانتارە کوردەکەی جەهەپەی دایەوە و رایگەیاند، سوپای تورکیا هەمیشە چالاکییە سەربازییەکانی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە گونجاندووە و لەبەرچاوی هەموو جیهان رێکارەکانی بە شەفافی کردووە و دەیکات، "سوپای تورکیا قەڵخانی نیشتمان و گەلەکەیەتی و هیچ کاتێک رووبەڕووی هاووڵاتییانی نەبووەتەوە و تەنانەت بیرکردنەوەیشی تاوانە، بەڵام لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بە دەستی پۆڵایین رووبەڕوویان دەبینەوە."
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا راشیگەیاندووە، "سەرباری هەموو ئەو راستییانە، کەچی کەسانێک هەن بەبێ ئەوەی ئاماژە بە رەفتارە دڕندانەکەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بکەن لە کوشتن و رفاندنی خەڵکی سڤیل و تاڵانکردن و کاولکارییەکانیان، دەست دەبەنە بەر تۆمەتی ناڕەوا و تۆمەتبەخشین. ئەو کەسانە بێهۆش و نابووت و گومڕاون. سوپای تورکیا هەمیشە رووبەڕووی پروپاگەندەی رەشی هاوشێوەی ئەو کەسانە دەبنەوە، بەڵام ئەو رەفتارە قێزەونانە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە چوارچێوەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکاندا سڵمان ناکاتەوە و درێژە بە خەباتی نیشتمانی دەدەین". 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا

یاریدەدەری ئەردۆغان: لەو شوێنەی تیرۆر دەستپێدەکات، سیاسەتی دیموکراسی کۆتایی دێت

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لەگەڵ بووژاندنەوەی سووریا، پەنابەرانی خەڵکی ئەو وڵاتەی دانیشتووی تورکیا دەنێرنەوە زێدی خۆیان؛ دەشڵێت، ''دەمانەوێت سووریایەک دروست بێت، هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کۆبکاتەوە''.