هاکان فیدان: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بە دامەزراوەیی دەکەین

09-08-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پەیوەندیی حکومەتی وڵاتەکەی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەڵێت، جێگەی بایەخی ئەنقەرەیە و بە دامەزراوەیی دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەتی عێراق سەردانی ئەنقەرە دەکات". 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 9ـی ئابی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆشکی دۆڵمەباخچە سەرای لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ ئێڤرین ئیبراهیمۆڤیچ، وەزیری دەرەوەی مۆنتێنێگرۆ ئەنجامدا و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "لەگەڵ عێراق لە بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکانمان بەردەوامین. لەو چوارچێوەیەدا هەنگاوی گرنگمان ناوە، بەتایبەتی دوای سەردانی بەڕێز سەرۆککۆمارمان کە 27 رێککەوتننامە واژۆکران. تیمی هاوبەشی هەردوو وڵات لەسەر ئاستی باڵا لە کۆبوونەوە و چالاکییەکانیان بەردەوامن".
 
هاکان فیدان گوتی، "هەفتەی داهاتوو تیمی کاری هاوبەشی تورکیا-عێراق کۆدەبێتەوە. شاندی حکومەتی عێراق سەردانمان دەکات و لەگەڵ شاندی تورکیا بە چاودێری وەزارەتی دەرەوە کۆدەبنەوە. تیمە هاوبەشەکە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی هەنگاو بە هەنگاوی بڕیارە ستراتیژییەکانی هەردوو وڵات دەکات هەر لە پرسی ئاو بیگرە تاوەکو بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە و فێرکردن، هاوئاهەنگی سەربازی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی تورکیا بایەخی زۆری پێدەدات و لەسەر ئەم بنەمایە پەیوەندییەکانمان بە دامەزراوەیی دەکەین".    
 
تیمی کاری هاوبەشی تورکیا بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەندامێتی ژمارەیەک وەزارەتی پەیوەندیداری هەردوو وڵات بۆ جێبەجێکردنی بڕگە و مادەکانی 27 رێککەوتننامەکانی نێوان عێراق-ئەنقەرە کۆدەبنەوە. 
 
تیمەکە تاوەکو ئێستا دوو جار کۆبووەتەوە. کۆبوونەوەی یەکەم لە ئەنقەرە و دووەمیان لە بەغدا کرا. سێیەم کۆبوونەوەش لە ئەنقەرە دەبێت.  
 
رۆژی 22ـی نیسانی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدا و دواتریش سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە؛ 27 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە سەرجەم بوارەکاندا واژۆکران، بەرچاوترینیان رێککەوتنی ئاو بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە