داودئۆغڵو: بە ئەسەدم گوت وڵاتینامە بدە کوردان

09-08-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەحمەد داودئۆغڵو رایدەگەیێنێت، ئەوکاتەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە لە دیداری لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریادا پێیگوتووە، وڵاتینامە بداتە کوردی ئەو وڵاتە.
 
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیران و وەزیری پێشووتری دەرەوەی تورکیا لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەو قسانەی کرد. دەڵێت، بە بەشار ئەسەدی گوتووە، "وڵاتینامە بە کوردان بدەن. براکەم کوردانی سووریا وڵاتینامەیان نییە."
 
داودئۆغڵو رەخنەی زۆری لێدەگیرێت بەهۆی ئەوەی لەو کاتەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بووە، سیاسەتی ئەنقەرە بەرامبەر سووریا کێشەی هەبووە.
 
داودئۆغڵو، کە پێشتر وەڵامی ئەو رەخنانەی داوەتەوە و گوتی: "ناڕۆمە نێو وردەکارییەکان، چونکە قسەم لەسەریان کردووە، بەڵام لایەنی دەسەڵات ئەمە لەبیردەکات کە لە تەواوی ئەو سەردەمەدا، بەڕێز ئەردۆغان یان سەرۆککۆمار بووە یان سەرۆکوەزیران. نازانم بۆچی هەر دەیانەوێت شانەکە لەسەری مندا بشکێنن."
 
داودئۆغڵو هەروەها داوای لەو کەس و لایەنانە کرد کە رەخنەی لێدەگرن، بڕۆن لێکۆڵینەوە لە دیداری نێوان خۆی بەشار ئەسەد بکەن کە رۆژی 5-4-2011 کرا.  گوتی، "ئەوکاتە هێشتا یەکەمین گرووپی پەنابەران نەهاتبوون. سێ داواکاریمان ئاراستەی ئەسەد کرد. یەکەمیان، وڵاتینامە بە کوردان بدات. دووەم لەبەر ئەوەی کوردانی سووریا لە دژی سووریا هان نەدرێن، ئەم داواکارییەمان هەبوو و گوتمان وڵاتینامەیان پێ بدەن. باشە ئێستا چی روویدا؟ ئێستا کوردانی سووریا متمانە بە سووریا و تورکیاش ناکەن. ئیدارەیەکی پەیەدە لە ژێر چەتری ئەمریکا و رووسیا بەمجۆرە لەدایکبوو. بەرپرسیاری ئەمە ئەسەدە."
 
داودئۆغڵو هەروەها رایگەیاند، ئەوکاتە بە ئەسەدی گوتووە چەند چاکسازییەک بکات و، نموونەی رووخانی حوسنی موبارەک و لەرزۆکیی قەزافیی بۆ باس کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە