کرێی هاتووچۆی تەکسی لە ئیستەنبووڵ بەڕێژەی 51٪ زیادکرا
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەکی زۆر لە شۆفێرانی تەکسی لە هەردوو دیوی ئاسیا و ئەوروپای ئیستەنبووڵ گردبوونەوە و داوای زیادکردنی کرێی تەکسیان کرد، دواتر داواکارییەکەیان پەسندکرا و کرێی هاتووچۆی تەکسی بەڕێژەی 51.5٪ زیادکرا.
ئەنجوومەنی رێکخستنی هاتووچۆی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ (UKOME)، بەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 9ـی ئابی 2023) بۆ خستنەڕووی کێشەی تەکسییەکانی ئیستەنبووڵ و گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگ بڕیاریان دا، کرێی گواستنەوەی تاکسی بە رێژەی 51.5٪ زیادبکەن و لە 8.5 لیرەوە (30 سەنت) بۆ 19.17 لیرە (71 سەنت) بەرزبکرێتەوە. واتە کاتێک سەرنشین سواری تەکسی دەبێت، لە رێگەی ئامێری "تەکسی مەتر" 19 لیرە و 17 قورووشی بۆ هەژمار دەکرێت. دواتر بۆ هەر کیلۆمەترێک هەمان نرخی بۆ هەژمار دەکرێت و ئامێرەکە نرخی کۆتایی لەکاتی دابەزیندا بۆ هەژمار دەکات.
بەدەمەوەچوونی داواکاریی شوفێر و خاوەن تەکسییەکانی ئیستەنبووڵ لەلایەن ئەنجوومەنی رێکخستنی هاتووچۆی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، دوای ئەوە هات، کە شەوی 7ـی ئابی 2023، ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن تەکسییەکانی ئیستەنبووڵ لە هەردوو دیوی شارەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر زیادبوونی نرخی سووتەمەنی و باجی هاتووچۆ، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست.
سەرەتا سەتان خاوەن تەکسی لە ناوچەی فاتیح لە دیوی ئەوروپا و پردی گۆزتەپە لە دیوی ئاسیای شارەکە بەرەو گۆڕەپانی ئەتکینلیک لە ناوچەی یەنی کاپی بەڕێکەوتن و، لەوێ یەکیانگرت و گردبوونەوە.
لە گردبوونەوەکەدا، حوسێن دومان، سەرۆکی کۆمەڵەی شوفێرانی یەکگرتووی ئیستەنبووڵ راگەیێندراوێکی بەناوی خاوەن تەکسییەکانی ئیستەنبووڵ خوێندەوە و رایگەیاند، سەرباری ئەوەی ئیستەنبووڵ لە رووی خەرجییەوە گرانترینی تورکیایە، بەڵام کەمترین کرێی تەکسی لە سەرتاسەری تورکیادا هەیە.
حوسێن دومان راشیگەیاند، کرێی تەکسی لە ئیستەنبووڵ بۆ هەر کیلۆمەترێک 8.5 لیرەیە، بەڵام لە ئیزمیر 22 لیرە (81 سەنت)ـە، لە مێرسین 20 لیرە (74 سەنت) و لە ئەنقەرە و چاناککالە 15 لیرەیە (56 سەنت). ئەوە لە کاتێکدایە ئەنجوومەنی رێکخستنی هاتووچۆی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، بەردەوام باجی هاتووچۆ زیاد دەکات.
حوسێن دومان داوایکرد، لانیکەم بە رێژەی 100٪ نرخی کرێی هاتووچۆ لە ئیستەنبووڵ زیاد بکرێت بۆ ئەوەی خاوەن تەکسییەکانی ئیستەنبووڵ، کارەکانیان بە پەرۆشییەوە بکەن و رایگەیاند "لە ئەگەری بەردەوامبوونی زیادکردنی باجی UKOME و گرانبوونی نرخی بەنزین و گازوایل، شوفێران نەک تەنیا قازانج ناکەن، بەڵکو مایەکەشی وەرناگرنەوە".
بەگوێرەی ئامارەکان، ژمارەی دانیشتووانی ئیستەنبووڵ 15 ملیۆن و 840 هەزار و 900 کەسە و 19 هەزار و 520 تەکسی لێیە. بەمەش بۆ هەر 910 کەس، تاکسییەک بەردەستە.