رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی دەڵێت، هەموو کات بۆ هەڵبژاردن ئامادەن.
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی، کە رۆژی سێشەممە 09-07-2024 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو؛ تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی ئەو حیزبە رایگەیاند، ئەوان لە هەموو کاتێکدا بۆ هەڵبژاردن ئامادەن.
باکرهان ئاماژەی بە سەرکەوتنی هاوپەیمانیی چەپڕۆکانی فەرەنسا کرد و گوتی، "ئەگەر ئێمەش یەکبگرین، هاوشێوەی فەرەنسا ئەنجامی گرنگ دژی شەپۆلی راستڕۆ و فاشیزم بەدەستدەهێنین. ئەنجامی هەڵبژاردنی فەرەنسا بۆ ئێمە بووە هیوا و ورەی پێداین. ئەو هەڵبژاردنە وانەیەکی باشە بۆ ئێمە."
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، "هەموو کات ئامادەی هەڵبژاردنین. لە تورکیادا نایەکسانی و نادادی هەیە و ئەوەش کاریگەری لەسەر ملیۆنان مرۆڤی ئەم تورکیایە هەیە. بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ کاتێک یەکمان نەگرتووە و دژی ئەم دەسەڵاتە نەوەستاوینەتەوە، کەوتووینەتە ئەم دۆخەوە."
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا، تاوەکو ساڵی 2028 هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت، بەڵام پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پێی خۆشە هەڵبژاردن بکرێت و پێیوایە ئەو دۆخەی لەو وڵاتەدا هەیە، لە بەرژەوەندیی ئەودایە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رۆژی 29-06-2024 لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، "بەڕێز ئەردۆغان؛ دوو ساڵ و نیوت تێپەڕی و دوو ساڵ و نیوت ماوە. وەرە با هەڵبژاردنی پێشوەخت بکەین و جارێکی دیکە خۆت بەربژێر بکەرەوە. من دوو ساڵ و نیو دەخەمە سەری و تۆش دوو ساڵ و نیو بخەرە سەری. متمانەم بە خۆم، پارتەکەم و بەربژێرەکەم هەیە."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی چەند جارێک دژایەتیی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت نیشانداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ