تورکیا
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو بەلەمە 27 کۆچبەری تێدابووە و نیازیان وابووە خۆیان بگەیێننە یۆنان
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە ژێرئاوکەوت و حەوت کۆچبەر تێیدا خنکاون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، کاژێر 10:47ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 09-07-2024 بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریاچەی ئیجە، نزیک لە شارۆچکەی چەشمەی سەر بە پارێزگای ئیزمیر ژێرئاوکەوتووە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو بەلەمە 27 کۆچبەری تێدابووە و نیازیان وابووە خۆیان بگەیێننە یۆنان.
ماسیگرێکی خەڵکی شارۆچکەی چەشمە هەواڵی بە ئاسایشی کەناراوەکان داوە و گوتوویەتی، بەلەمێکی کۆچبەرانی بینیوە ژێرئاوکەوتووە.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، دوای ئەوەی ماسیگرەکە هەواڵەکەی داوە، بەپەلە چوار بەلەمی هێزەکانی ئاسایشی کەناراوەکان و هێلیکۆپتەرێک نێردراونەتە شوێنی رووداوەکە.
وەکو وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، 19 کۆچبەر رزگار کراون، حەوت کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، کە تەرمەکانیان دەرهێندراون؛ کۆچبەرێکیش بێسەروشوێنە.
یۆنان خاڵێکی سەرەکیی گەیشتنی کۆچبەرانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و ئاسیایە بۆ وڵاتانی ئەورووپا.
بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ساڵی رابردوو 3105 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست و لەکاتی چوونیان بۆ ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە؛ لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵیشدا 880 کەس مردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ