رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی رایگەیاند، بیرۆکەی هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا کە ئاکپارتی بە نیازە بیکاتە رۆژەڤ، "تەنیا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی خودی ئەردۆغانە" و ئیی پارتی نابێتە بەشێک لەم پڕۆژەیە.
چوارشەممە (8ـی ئایاری 2024) موساوات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی کە چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر پڕۆژەی فراکسیۆنی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا.
موساوات دەرویشئۆغڵو گوتی: "هەموارکردنەکە تەنیا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغانە."
سەرۆکی ئیی پارتی گوتیشیی: "بێکاری، خراپیی دۆخی ئابووریی هاووڵاتییان، زیادکردنی مووچەی خانەنشینان، بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان، چارەکردنی کێشەی کۆچبەران، نادادپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەهای لیرە بەرامبەر دراوە بیانییەکان رۆژەڤی ئیی پارتی و تەواوی تورکیایە. هەمواری دەستوور، رۆژەڤی کەسیی ئەردۆغان و پارتەکەیەتی."
سەرۆکی ئیی پارتی، هێرشی تووندی کردە سەر ئەردۆغان و گوتی: "بەهۆی هەمواری دەستوور کە دواجار لە 2017 کرا و سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتیی گۆڕی، بۆ جاری سێیەم پێچەوانەی یاسا و دەستوور بووەوە سەرۆککۆمار. ئەمجارەش بەنیازن هەمان سیناریۆ دووبارە بکەنەوە، بەڵام بەشێوەیەک کە تاهەتایە ببێتەوە سەرۆککۆمار".
ئیی پارتی لەگەڵ هەموارکردنەوەی دەستوور نییە و سەرۆکەکەی دەڵێت: "ئیی پارتی هەموو جۆرە هەوڵێک بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور رەتدەکاتەوە و نابێتە بەشێک لەم پڕۆژە گوماناوییە."
لە رۆژی 30ـی نیسانی 2024ـەوە، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ پرسی هەموارکردنەوەی دەستوور سەردانی فراکسیۆنەکانی جەهەپە، دەم پارتی، سەعادەت، ئیی پارتی و مەهەپەی کرد. جەهەپە بە تووندی رەتیکردەوە و رایگەیاند، ئاکپارتی پابەندی دەستووری ئێستا نییە، بۆیە پێویست بە هەموارکردنەوە و داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ ناکات.
هەریەک لە فراکسیۆنەکانی دەم پارتی و سەعادەت-یش رەتیانکردەوە و مەرجی قورسیان خستە بەردەم ئاکپارتی. مەهەپە-ی هاوپەیمانی ئاکپارتی، بەخستنەڕووی چەند مەرجێکەوە پەسندی کرد.
بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا، واژۆی لانیکەم 400 پەرلەمانتاری پێویستە بۆ ئەوەی راستەوخۆ هەموار بکرێتەوە. سیناریۆی دووەم دەبێ لە پەرلەمان 360 واژۆ کۆبکرێتەوە بۆ ئەوەی پرسەکە بخرێتە بەردەم گەل و لە رێگەی ریفراندۆمەوە پەسند بکرێت و لە پەرلەمان دەست بە هەموارکردنەوەی بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ