رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە بۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا پێداگریی حکومەتی وڵاتەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، گولەنییەکان و رێکخراوی داعش دووپاتکردەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا لەو پەیامە ڤیدیۆییەدا کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 9-4-2024 بڵاویکردەوە، لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی قسەی کرد و گوتی، "رێگە نادەین رێکخراوە تیرۆریستییەکان هەر لە پەکەکەوە تاوەکو فەتۆ و داعش کە یەکێتیی وڵات و ئارامیی خەڵک دەکەنە ئامانج، چالاکی و جموجووڵیان هەبێت. پێداگرین لەسەر ستراتیجی وشککردنی زۆنگاوی تیرۆر لە سەرچاوەکەیەوە".
لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامە ڤیدیۆییەدا ئەردۆغان پشتگیریی تورکیای بۆ فەلەستین دووپاتکردەوە و باسی لەو هاوکارییانە کرد کە بۆ غەززەییەکانیان ناردووە و گوتی، "تاوەکو وەستانی خوێنڕێژی لە غەززە و گەیشتنی خوشک و برایانی فەلەستینیمان بە بوون بە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین کە پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت، پشتیوانییەکانمان بەردەوام دەبن".
ئەردۆغان گوتیشی، لەو دۆخە سەختییە ئابوورییە تێدەگەن لە تورکیادا هەیە و رایگەیاند، "پشتیوان بەخودا پێداگرین لە چارەسەرکردنی ئەم بابەتە کە هەموو جیهان و ئێمەشی هەراسان کردووە".
تورکیا و پەکەکە نزیکەی 40 ساڵە شەڕی چەکداری دەکەن و تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی ئەو شەڕە دەیان هەزار کەس کوژراون. بەگوێرەی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، لە 2015وە کە جەنگی نێوان ئەو دوو لایەنە دەستی پێکردووەتەوە زیاتر لە 6 هەزار و 900 کەس کوژراون.
بزووتنەوەی خزمەت بە سەرۆکایەتیی فەتحوڵڵا گیولەن لە لایەن حکومەتی تورکیاوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە چالاکی "تیرۆریستی" دەکات و بەرپرسیاریش بووە لە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016ی ئەو وڵاتە، بەڵام گولەنییەکان ئەو تۆمەتانە رەت دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ