رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا هەناردەکردنی 54 کەرەستە بۆ ئیسرائیل سنووردار دەکات و دەڵێت، دەکرێت بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێندرێن و ئەنقەرەش ئەوەی ناوێت.
وەزارەتی بارزگانیی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە، بڕیارەکە راستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی ئیسرائیل "ئاگربەست رادەگەیەنێت و رێگە دەدات هاوکاری بگاتە غەززە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە 33 هەزار کەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و سەدان هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن؛ باس لەوەشکراوە، تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە باڵاترین ئاستدا هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ راگرتنی جەنگەکەدا داوە.
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە کە، "وڵاتەکەمان رێگەی نەداوە و رێگەش نادات بە فرۆشتنی هیچ کەرەستە و بەرهەمێک بە ئیسرائیل کە بکرێت بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربێت. بانگەوازیشمان بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە ئیسرائیل پابەند بکەن بەو ئەرکانەی لە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئێمە وەک دەوڵەت و گەلی کۆماری تورکیا بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردن و پشتیوانیکردن لە فەلەستین و گەلەکەی، هەروەک چۆن تا ئێستا کردوومانە".
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سنووردارکردنی هەناردەی بەرهەمەکان بۆ ئیسرائیل 54 بەرهەم دەگرێتەوە، هەر لە شیشی بیناسازییەوە بیگرە تاوەکو پۆڵا و مەڕمەڕ سیرامیک.
ئەم راگەیێندراوە لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنە ئاراستەی حکومەتی تورکیا کرا بەوەی لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندییەکی باشی بازرگانییان هەیە. هەروەها بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن باسیان لە بوونی هاوئاهەنگیی سەربازی لەنێوان ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ کرد.
تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، لانیکەم 33 هەزار کەس کوژراون کە زۆربەی هەرە زۆریان ژن و منداڵن.
هێرشی ئیسرائیل دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بزووتنەوەی حەماس لە 7-10-2023دا هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، لانیکەم هەزار و 170 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ