دەستەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا: 26 حیزب لیستی بەربژێرەکانیان پێشکێش کردووە

09-04-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاشکرایکرد، 26 پارتی سیاسیی لیستی بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی پێشکێش کردووە و دوو رۆژی دیکە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. 
 
رۆژی یەکشەممە 9ی نیسانی 2023، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەردەم بارەگای سەرەکیی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکاندا ژمارەی ئەو پارتە سیاسییانەی تورکیای ئاشکراکرد کە لیستی بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنەکانی 28مین خولی پەرلەمانیی پێشکێش کردووە. 
 
ئەحمەد یەنەر رایگەیاند، ئەمڕۆ کاژێر 17:00 وادەی پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرانی لایەنە سیاسییەکان کۆتاییهات. لە کۆی 36 پارت و لایەنی سیاسی کە مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا پێدراوە، 26یان لیستی بەربژێرەکانیان پێشکێشی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان کردووە. 
 
سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان راشیگەیاند، رۆژی 11ی نیسان بەپێی ماددەکانی 13، 14، 15 و 16 لە یاسای ژمارە 2893ی یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانتارانی تورکیا، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هەڵسەنگاندن بۆ یەکە بەیەکەی لیستە پێشکێشکراوەکان دەکەن. لە ئەگەری بوونی هەر کەموکوڕییەکی یاسایی بە نووسراو ئاگاداری لایەنە سیاسییەکان دەکەنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی 48 کاژێردا چارەسەری بکەن و دواتر پەسندکردنیان بۆ رای گشتیی رادەگەیێنن. 
 
ئەو 26 لایەنە سیاسییانەی لیستی بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان پێشکێشکرد ئەمانەن: 
 
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە)، ئیی پارتی (ئیپ)، پارتی بزووتنەوەی میللی (مەهەپە)، پارتی سەوزی چەپ (یەسەپە)، پارتی یەکگرتووی دادپەروەری (ئابەپە)، پارتی دادپەروەری (ئاپە)، پارتی نیشتمانی دایک (ئاناپ)، پارتی تورکیای سەربەخۆ (بەتەپە)، پارتی یەکبوونی مەزن (بەبەپە)، پارتی گەنج، پارتی یەکبوونی هێزەکان (گوچ)، پارتی ماف و ئازادییەکان (هۆپ)، پارتی رزگاریخوازی خەڵک (هالک پە)، پارتی مەملەکەت (مەپە)، پارتی میللـەت (میپ)، پارتی رێبازی میللـەت (میللی)، پارتی چەپ (سۆڵ)، پارتی کرێکاری تورکیا (تیپ)، بزووتنەوە کۆمۆنیستی تورکیا (تەکەهە)، پارتی کۆمۆنیستی تورکیا (تەکەپە)، پارتی وەتەن (ڤەپە)، پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی (رەفاهـ)، پارتی نوێبوونەوە (یەنی پە)، پارتی زافەر (زەپە).    
 
ئەو 10 پارتە سیاسییەکەی دیکە، بە لیستی ئاکپارتی و جەهەپە چوونەتە هەڵبژاردنەکانەوە. 
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. 
 
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 دەنگدەر هەن. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش وەک رەوەندی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە