کەمیی بەخشینی خوێن بە مانگی سووری تورکی گرفتی بۆ نەخۆشخانەکان دروستکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆگاکانی مانگی سووری تورکیدا، تەنیا بەشی سێ رۆژ خوێن ماوە، ئەگەر وا بڕوات لەوانەیە نەشتەرگەری لە باکووری کوردستان و تورکیا رابگیرێ.
 
ساڵانە لە مانگی رەمەزاندا خەڵک کەمتر دەچن بۆ خوێن بەخشین، بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە جیاوازترە لە جاران. ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا پێی وایە، مانگی سووری تورکی کە لەدوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مەرەش، بە فرۆشتنی خێوەت و خۆراک بووە رۆژەڤ، متمانەی خەڵکی لەدەستداوە.
 
فایەق ئۆزتراک، گوتەبێژی جەهەپە دەڵێت، "بڕی کۆگاکراوی خوێنی نیشتمانیمان لە مانگی سوور بۆ خوار کەمترین ئاستی کۆگاکراو دابەزیوە، واتە دۆخەکە کارەساتبارە. ئەو دامەزراوە خێرخوازییەمان کە تەمەنی 155 ساڵە، بووە بزنسێک لە دەستی حکومەتدا. مانگی سوور کە پێشتر لە بوومەلەرزەدا خێوەتی دانابوو، لەم بوومەلەرزەیەدا خێوەتی فرۆشت. هەربۆیە گەل متمانەی بە مانگی سوور نەماوە، تەنانەت بەخشینی خوێن وەستاوە. گەل گومان لەوە دەکات، ئەو خوێنەی دەیبەخشێت، بیفرۆشن."
 
بۆ رەواندنەوەی نیگەرانیی خەڵک، مانگی سووری تورکی، رۆژی هەینی لە تویتەر پۆستێکی بڵاوکردەوە و نووسی، "یەک پرسیار، یەک وەڵام. ئایا مانگی سوور خوێنمان دەفرۆشێت؟ نەخێر."
 
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا شەوی شەممە لە شارۆچکەی ئیسکەندەروون لە هاتای خوێنی بەخشی و داوای لە خەڵک کرد بەدەم بانگەوازی مانگی سووری تورکییەوە بچن.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، "لە نەخۆشخانەکان و لە دۆخە بەپەلەکاندا، دەبێت بڕی کۆگاکراو نەکەوێتە خوار ئاستێکی دیاریکراو. ئەمە لە هەمانکاتدا پرسێکی نیشتمانییە. جارێكی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە کە خۆمان بە خاوەنی مانگی سوور بزانین."
 
سەرۆکی مانگی سووری تورکی ئاماژە بە هەستیاریی دۆخەکە دەکات و دەڵێت، نەبەخشینی خوێن گرفت بۆ نەخۆشەکان دروست دەکات.
 
کەرەم کنک، سەرۆکی مانگی سووری تورکی دەڵێت، "وەرنەگرتنی خوێن لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان، هەروەها بەهۆی ئەو بڕە نزمەی بەخشینی خوێن کە هەموو ساڵێک لە مانگی رەمەزاندا تووشی دەبین، کۆی خوێنی نیشتمانیمان بۆ خوار کەمترین ئاستی کۆگاکراو دابەزیوە. ئەمە ئاستی ئاگادارکردنەوەی سوورە بۆ ئێمە. تاکە رێگە مانگی سوورە کە ساڵانە لە 1500 نەخۆشخانەدا خوێن دەگەیێنێتە نزیکەی شەش ملیۆن نەخۆش. نەخۆشەکانمان چاوەڕێی ئەم خوێنەن."
 
سەندیکاکانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستیش بانگ لە خەڵک دەکەن، سەرباری کەمبوونەوەی متمانەیان بە مانگی سوور، دەستبەرداری بەخشینی خوێن نەبن.