کوڕەکەی ئەربەکان وێنەیەکی باوکی دووبارەکردەوە؛ لە ئۆرجیناڵەکەدا ئەردۆغانیش هەیە

09-03-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی گشتیی پارتی یەنیدەن رەفاهـ، وێنەیەکی 30 ساڵ پێش ئێستای (نەجمەدین ئەربەکان)ـی باوکی نوێکردەوە و خۆی لە شوێنی باوکی وەستا. میدیای تورکیا وێنەکانیان لە تەنیشت یەکدی دانا و بڵاویان کردەوە. 
 
وێنە ئۆرجیناڵەکەدا ساڵی 1994 دوای سەرکەوتنی پارتی رەفاهـ لە بۆدیی کامیۆنێک گیراوە. نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکی گشتیی پارتەکە لە ناوەڕاستە و رەجەب تەیب ئەردۆغان کە تازە بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردراوە، لە دەستەچەپی وەستاوە. ئەو وێنەیە بە بڕیاری نەجمەدین ئەربەکان گیرابوو و ئەو کامیۆنەش بۆ هەڵمەتی بانگەشە بەکارهێنرابوو.
 
لە وێنە تازەکەدا فاتیح ئەربەکان، کوڕی نەجمەدین ئەربەکان لە شوێنی باوکی وەستاوە و لە دەوروبەریدا بەرپرسان و بەربژێرانی پارتەکەی وەستاون.
 
ئەگەرچی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی پار، یەنیدەن رەفاهـ لەگەڵ ئاکپارتی رێککەوت و چووە نێو هاوپەیمانیی جمهوور، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە بە بەربژێرانی خۆی بەشداریی کردووە. 
 
لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەکانی تورکیادا، کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، پارتی یەنیدەن رەفاهـ بەشداریی لە هەڵبژاردندا نەکرد، بەڵام لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 14-5-2023 لەسەر لیستی ئاکپارتی بەشداری کرد و، پشتگیریی لە هاوپەیمانیی جمهوور کرد و 5 کورسیی پەرلەمانی بردەوە. 
 
فاتیح ئەربەکان، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهە، کە پارتێکی ئیسلامییە و ساڵی 2018 دامەزراوە. فاتیح، کوڕی نەجمەددین ئەربەکان دامەزرێنەری پارتی رەفاهە. نەجمەددین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا بوو و لە ساڵانی نێوان 1996-1997 بە کودەتایەکی سەربازیی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا. 
 
ناوی یەنیدەن رەفاهـ کە بە مانای (سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی) دێت لە پارتی رەفاهی نەجمەددین ئەربەکانەوە وەرگیراوە. ئەو پارتە لە پارتی سەعادەت جیابووەوە. ئێستا هەریەک لەو دوو پارتە خۆیان بە درێژەپێدەری رێبازی نەجمەدین ئەربەکان دەزانن.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە