رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، دەم پارتی و ئاکپارتی لە پەرلەمان بەردەوام کۆدەبنەوە و زۆر جار لەگەڵ پارتەکانی دیکەش بەیەکەوە نان دەخۆن.
لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا کە درەنگی شەوی رابردوو 8-3-2024 پەخشکرا، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند کە ئێستا دەم پارتی و ئاکپارتی کۆبوونەوە دەکەن.
لەبارەی دەستەواژەی 'سازانی شارەکان' کە جەهەپە وەکو شێوازێکی رێککەوتن لەسەر ئاستی بازنەکانی هەڵبژاردن پیادەی دەکات، پرسیاری رێککەوتن لەگەڵ دەم پارتی کرا.
ئۆزەل رەتیکردەوە لە ئەنقەرە هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ دەم پارتی کردبێت و گوتی: "ئەم جۆرە سازانە کە سازانی شارەکانە، ئەوە نییە کۆبوونەوەی لەسەر بکرێت و پرۆتۆکۆڵ واژۆ بکرێت. دەم پارتی دەڵێت، ئەگەر بەربژێرێکتان هەبێت لە بابەتەکانی تاوان، مافی ژنان، مافی مرۆڤ و رێزگرتن لە کوردان تێبینیمان لەسەری نەبێت و بتوانین دەنگی پێ بدەین، پشتیوانیی ئەو بەربژێرە دەکەین و بەربژێر لەو بازنەیە راناگەیێنین. بەمە دەڵێن سازانی شارەکان."
ئۆزگور ئۆزەل هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەگەر جەهەپە لەگەڵ دەم پارتی لە هەموو شوێنێکدا ئەو سازانەی بکردبا، لەو بازنانەی ئەنقەرە دەیکرد کە رێژەی کورد و عەلەوی تێیاندا بەرزە؛ وەکو پۆڵاتڵی، ئێتیمەسگوت و ماماک.
هەروەها گوتی: "ئەوەتا لەو شوێنانەدا دەم پارتی بەربژێری زۆر جیدیی داناوە. بەتایبەتی کە ئێمە لەگەڵ ئاکپارتی جیاوازیی دەنگمان تابڵێی کەمە".
پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و دەم پارتی لە پەرلەمان "جەژنانە دەکەن"
ئۆزگور ئۆزەل باسی لەوە کرد جەهەپە لە جەژنی رابردوودا تاکە پارت بوو پیرۆزبایی لە تەواوی پارتە سیاسییەکان کرد.
سەرۆکی جەهەپە ئەمەی بە دەستکەوت وەسفکرد و جەختیکردەوە کە ئاکپارتی بە ئاشکرا پیرۆزبایی لە دەم پارتی ناکات، بەڵام دوای جەژن و لە یەکەمین رۆژی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەچنە دیوی پشتەوەی پەرلەمان و لەوێ پیرۆزبایی لەیەکدی دەکەن.
سەرۆکی جەهەپە هەروەها راشیگەیاند کە دەم پارتی، مەهەپە و ئاکپارتیش بە یەکەوە کۆدەبنەوە و هەفتانە سێ جار بەیەکەوە نانی ئێوارە دەخۆن. رەخنەی تووندی لەو پارتانە گرت کە لە سەر شاشەکان شتێک دەڵێن و دواتر لەگەڵیاندا کۆدەبنەوە.
جەختیشی کردەوە کە ئەو بە ئاشکرا و لەبەردەم کامێراکان لەگەڵ دەم پارتی کۆبوونەتەوە؛ "ئەو کۆبوونەوانە رێزگرتنە لە 6.5-7 ملیۆن دەنگدەری دەم پارتی."
رۆژی 31-3-2024 لە تورکیا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکە هەڵدەبژێردرێن؛ هەروەها 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان و 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ