هاکان فیدان لە خۆکاندیدکردن پاشگەزبووەوە

رووداو- ئەنقەرە

میدیاکانی تورکیا هەواڵی پاشەکشەی هاکان فیدان، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری تورکیایان لە پاڵێوراوی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.

دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە دەزگای هەواڵگری تورکیا کە بە (میت) ناسراوە، هاکان فیدان بڕیاریدا خۆی بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەسەر لیستی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە ئەنقەرە بپاڵێوێت.

ئەمڕۆ دووشەممە میدیاکانی تورکیا هەواڵی پاشەکشەی فیدانیان بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیرانی داهاتوو بڵاوکردەوە، بەبێ ئەوەی هۆکاری پاشەکشەکردنەکەی بڵاوبکەنەوە.

هاکان فیدان یەکێک بوو لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و ماوەیەکی زۆر بەرپرسی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی ئەو وڵاتە بووە.