هۆزان جانێ لەبارەی دادگاییکردنەوەیەوە: کوردم و دیسانەوە بۆ کوردایەتی تێهەڵدەچمەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هۆزانجانێ، هونەرمەندی کورد جارێکی دیکە دادگایی دەکرێتەوە و بڕیارە لە سێیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەدرنە دادگایی بکرێت. ئەو هونەرمەندە دەڵێت، "من کوردم و دیسانەوە بۆ کوردایەتی تێهەڵدەچمەوە."
 
هۆزان جانێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نازانم دادگا چی لێم دەوێت. زۆر سوپاسی رووداو دەکەم کە دەنگی منی بە کورد گەیاند. ئەو پرسەی من پرسێکی یاسایی نییە، بەڵکو سیاسییە. لەبەر ئەوە درێژی دەکەنەوە و هەر جارەی شتێکی بۆ زیاد دەکەن"
 
جانێ گوتیشی: "دادگای باڵا هەموو پرسەکەی خستەڕوو و گوتی هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەم مرۆڤە ئەندامی حیزبێک بێت و ئەندامی پەکەکە بێت. هیچ بەڵگەیەکی تێدا نییە."
 
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوە دا کە بڕیار بووە لە سێ دادگاییکردن زیاتر نەبێت، "بەڵام ئەوە بووە شەش. ئەوەیش مانای وایە کە ئەمە یاسایی نییە و سیاسییە."
 
هۆزان جانێ لەبارەی زیندانیکردنی و دادگاییکردنیەوە دەڵێت: "چاوەڕێم دەکرد هەر چوار پارچەی کوردستان لە پشتی من بن، بەڵام مخابن. چی بڵێم؟ دیسان سوپاسیان دەکەم. ئەگەر جارێکی دیکەیش پێویست بێت، من کوردم و دیسانەوە بۆ کوردایەتی تێهەڵدەچمەوە و هیچ خەم ناخۆم."
 
هۆزان جانێ کە ناوە سەرەکییەکەی سەیدە ئینانچە، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە رێکخراوێکی تیرۆریستیدا لە 22ی حوزەیرانی 2018 لە تورکیا دەستگیر کرابوو و سزای شەش ساڵ و سێ مانگی بۆ بڕدرابووەوە.
 
جانێ دوو ساڵ و پێنج مانگ لە زینداندا مایەوە، بەڵام دواتر بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە 2020/10/01ـدا بە مەرج ئازاد کرا.
 
هەروەها دادگا چوونەدەرەوەی لە تورکیا لەو هونەرمەندە کوردە قەدەخە کرد.
 
رۆژی چوارشەممە 2021/02/09 لە سێیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەدرنە دادگایی جانێ بەڕێوەچوو.
 
ئاکالان ئاماژی بەوە داوە کە چاوەڕێ دەکرێت دادگا رۆژی چوارشەممە بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو هونەرمەندەوە بدات.
 
ئەو کاتەی جانێ لە زینداندا بوو، گۆنول ئۆرسی کچی سەردانی کردبوو و ئەویش گیرابوو، بەڵام دواتر بە مەرجی قەدەخەکردنی چوونەدەرەوەی لە وڵات ئازاد کرا.