بۆ رێگری لە رووداوە سرووشتییەکان لە زنجیرە چیاکانی ئەرزڕووم هەزاران سەموون دادەنرێن


رووداو - هەولێر

ژمارەیەک بازرگان لە پارێزگای ئەرزڕووم دوو هەزار و یەک سەموونیان بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان لە زنجیرە چیاکانی ئەو پارێزگایە و لە نزیک مەزاری پیر عەلی بابا بڵاوکردەوە.
 
بازرگانەکان باوەڕیان وایە کە کارەکەیان دەبێتە هۆی رێگری لە رووداوە سرووشتییەکانی وەک بوومەلەرزە، هەرەسی بەفر و تێکشکانی فڕۆکە.
 
مەراسیمی خوێندنی قورئان بۆ هەزار و یەک جار لە سەرەتا تاوەکو کۆتایی کە بە "هەزار و یەک حاتم" ناسراوە، زیاتر لە 487 ساڵ بەر لە ئێستا لەلایەن پیر عەلی بابا بۆ پاراستنی ئەرزڕووم لە کارەساتە سرووشتییەکان دەستیپێکردووە.
 
مەراسیمەکە بۆ ماوەی مانگێکە و تێیدا بە بەردەوامی دوعا و پاڕانەوە لە بەشێکی زۆری مزگەوتەکان دەخوێندرێن.
 
پێشتر هەزار و یەک پارچە نان بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان لەو زنجیرە چیایانە بڵاوکراونەتەوە کە مەزاری پیر عەلی بابای تێدابووە، ئێستاش کە تورکیا جارێکی دیکە رووبەڕووی بوومەلەرزە، هەرەسی بەفر، تێکشکانی فڕۆکە و پێکدادانەکانی سووریا بووەتەوە، دوو هەزار و یەک سەموونیان لەو زنجیرە چیایانە بۆ ئاژەڵە کێوییەکان داناوە.
 
محێدین ئۆڵجون، یەکێکە لەوانەی کە بەشداربووە لە بڵاوکردنەوەی سەموونەکان و دەڵێ "ئاژەڵە کێوییەکان ناتوانن خواردن بدۆزنەوە، تەنانەت ئەگەر بێنە ناو سەنتەری شارەکانیش. گورگە برسییەکان دەچنە گوندەکان و سەگەکان دەکوژن. خەڵک دەبێت ئاگایان لە ئاژەڵە کێوییەکان بێت".