پارێزەرانی ئۆجەلان: پرۆسەی چارەسەری بە گوتاری ئاست نزم تێکدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە رایگەیاند، ئەو "درۆ و لێدوانە چەواشەکاریانە"ی لە دژی ئۆجەلان دەدرێن، ئامانجیان تێکدانی هەوڵی چارەسەری و ئاشتییە.
نووسینگەکە ئەمرۆ پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەم، راگەیێندراوێكی لەبارەی ئەو گفتوگۆ و گوتارانە بڵاوکردەوە کە لە سۆشیاڵ میدیا و میدیاکانی تورکیا لە بارەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان باس دەکرێن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەم رۆژانەدا هەموومان گەواهیدەری ئەوە دەبین کە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بریکارمان هەوڵدەدات رۆڵی مێژوویی خۆی لە بنیاتنانی ژیانێکی هاوبەشی یەکسان و ئازاد و دیموکراسیدا بەجێبهێنێت. سەرەڕای هەلومەرجی گۆشەگیری، بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی شەرەفمەندانە بەرامبەر بەو کەسانەی خۆراک لە جەمسەرگیری و چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد وەردەگرن، خەباتێکی بێوچان بەڕێوە دەبات".
پارێزەرانی ئۆجەلان دەڵێن، "رێبازی درۆ و چەواشەکاری بەرامبەر ئۆجەلان هەن کە سنووری ئاست و رێزگرتن ناناسن. ئەو باس و گوتارە ئاست نزمانەی لە تیڤی یان کەناڵە میدیاییە مەجازییەکان لەژێر ناوی تێگەیشتن لە پرۆسەکە دەکرێن، هەڵگری کێشەیەکی ئەخلاقی و عەقڵیەتن و ئامانجیان تێکدانی هەوڵەکانی چارەسەری و ئاشتییە".
لە راگەیێندراوەکەدا، بانگهێشتی سەرجەم لاینەکان کراوە بە زمانی ئاشتی بیربکەنەوە و قسە بکەن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە ساڵی 1978 دا پەکەکەی دامەزراند و لە 1984ـەوە شەڕی چەکداری لە دژی تورکیا راگەیاند. ئۆجەلان لە 15ـی شوباتی 1999 لە کینیا دەستگیرکرا و گوازرایەوە تورکیا. ماوەی 26 ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی بەندکراوە.