باوکی مرد... سکاڵای لە کۆمپانیای جگەرەکەی کرد و 500 هەزار لیرەی وەرگرت

رووداو دیجیتاڵ

ژنەپارێزەرێک لە تورکیا دوای ئەوەی باوکی گیانی لەدەستدا، سکاڵای لەسەر ئەو کارگەیەی جگەرە تۆمار کرد کە باوکی بەرهەمەکانی دەکێشا. بە بڕیاری دادگە نزیکەی 14 هەزار دۆلار قەرەبووی وەرگرت.
 
عەدنان یڵمازعەلی، ئەندازیارێکی خەڵکی ئەنقەرە بوو و ساڵی 2017 بەهۆی نەخۆشیی ئاوسانی سییەکان (COPD) گیانی لەدەستدا.  
 
سەنەم یڵمازعەلی، کە پارێزەرە و کچی عەدنان یڵمازعەلییە دوای نزیکەی 7 ساڵ، سکاڵاکەی بردەوە و بە بڕیاری دادگە کۆمپانیاکە ناچارکرا 500 هەزار لیرە (نزیکەی 14 هەزار دۆلار) وەکو قەرەبوو بەو پارێزەرە بدات.
 
سەنەم یڵماز بە میدیاکانی تورکیای گوت "باوکم لە تەمەنی 12-13 ساڵییەوە دەستی بە جگەرەکێشان کردووە. سەیری تەواوی راپۆرتەکانیم کرد و لەڕووی زانستییەوە دڵنیابووینەوە لەوەی بە نەخۆشیی ئاوسانی سییەکان، گیانی لەدەستداوە."
 
ژنە پارێزەرەکە تەواوی ئەو بەڵگە و راپۆرتە پسپۆڕییانەی لەبارەی نەخۆشییەکەی باوکی خستووەە نێو دۆسیەی سکاڵانامەکەی لە دژی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئەو جگەرەیەی باوکی کێشاویەتی.
 
سەنەم یڵماز دەڵێت دوای ئەوەی سکاڵاکەی پێشکێشکردووە، دادگە کۆمپانیاکەی ناچار کردووە نوێنەرانی بنێرێتە بەردەم دادوەر و پرۆسەی دادگەیی دەستیپێکردووە.
 
یڵماز دەڵێت سەرەتا تووشی دڵەڕاوکێ بووە، چونکە لە تورکیادا یەکەمجار بووە کەسێک سەنگەری دادگە لەو کۆمپانیا گەورەیە بگرێت و سەرکەوتن ئاسان نەبووە. بەتایبەتی کە پێشتر هیچ سکاڵایەک لە دژی ئەو کۆمپانیایە نەبراوەتەوە. 
 
هەروەها سەبارەت بەو پرۆسەیە گوتی "دادگە داوای راپۆرتی دادپزیشکیی کرد و منیش راپۆرتەکانم بۆ بردن. راپۆرتەکان بەتەواوەتی ئەمەیان سەلماند کە باوکم بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیانی لەدەستداوە. بەمجۆرە من سکاڵاکەم بردەوە. ئەو سکاڵایەی من یەکەمین سکاڵایە کە تۆمارکرابێت. ئەوان ئەنجامی دادگەیان گەیاندە دادگەی باڵا و تانەی لێدا. بەڵام دادگەی باڵا ئەو قەرەبووەی بە کەم زانی کە بۆ من دانرابوو. بریاری دا قەرەبووەکە بۆ 500 هەزار لیرە بەرزبکرێتەوە."
 
پرسیاری هەست و بیرکردنەوەی ئێستا ئاراستەی کچەکەی کرا، لەکاتێکدا توانیویەتی قەرەبووی مردنی باوکی لەو کۆمپانیایە وەربگرێتەوە کە باوکی 55 ساڵ جگەرەکانی بە با کردووە.
 
سەنەم یڵمازعەلی لەمبارەیەوە گوتی "لەلایەکەوە زۆر نیگەرانم، لەلایەکیش دڵخۆشم بەڵام بەتەواوی ئەمە ناڵێم! خۆزگە من ئێستا ئەو قەرەبووەم وەرنەگرتبا و باوکم لە ژیاندا بووایە. راستە ئەم قەرەبووە دەبێتە سەرمەشقی زۆر سکاڵای دیکە، بەڵام من خۆزگە بەوە دەخوازم کە باوکم لە لەگەڵماندا بووایە."
 
ئەو هەواڵە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادا دەنگدانەوە زۆری هەبووە. خەڵک کۆمێنتی جیاواز لەسەر بابەتە دەکەن. بەشێک دەستخۆشی دەکەن و بەشێکیش رەخنە لە دادگە دەگرن بەوەی هەموو کەسێک دەزانێت جگەرە زیانبەخشە. بەشێکی دیکەش دەڵێن، ئەو جگەرەیە جگە لە زیانە چاوەڕوانکراوەکان، بەکارهینەرانی تووشی نەخۆشیی (ئاوسانی سییەکان) دەکات.
 
نەخۆشیی ئاوسانی سییەکان چییە؟
 
نەخۆشییەکە، تووشی سییەکان دەبێت و بە تێکچوونی سیکڵدانۆچکەکانی ھەوا دەستپێدەکات کە وادەکات رووبەری پێویست بۆ ئاڵوگۆڕی هەوا لە سییەکاندا کەم ببێتەوە.
 
تەنگەنەفەسی، کۆکین و دروستبوونی بەڵغەمی زۆر؛ سێ لە نیشانە سەرەکییەکانی ئەم نەخۆشییەن. 
 
جگەرەکێشان بە هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتیی ئەم نەخۆشییە دادەنرێت، هەروەها بۆماوەیی و پیسیی کەشوهەوا دوو هۆکاری دیکەن.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی 3.2 ملیۆن کەس بەهۆی نەخۆشیی ئاوسانی سییەکانەوە گیان لەدەستدەدەن.