شەش بەرپرسی باڵای دیکەی ئیی پارتی دەستیان لەکارکێشایەوە

09-01-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەش بەرپرسی باڵای رێکخستنەکانی ئیی پارتی لە پارێزگای ئەنتاڵیا رۆژی سێشەممە 09-01-2024 دەستیان لەکارکێشایەوە و رایانگەیاند، ئیی پارتی ئێستا بووەتە ئۆپۆزیسیۆنی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن.
 
شەپۆلی دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسانی ئیی پارتی لە شارە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەردەوامە. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 09-01-2024 لە ئەنتاڵیا بەڕێوەچوو، هەریەک لە عەلی دەنیز، شوکریە یڵدرمڵار، سولەیمان ئارسڵان، محەممەد گیونای، فاتما یاشار ئارسڵان و مستەفا ئەسەر، کە بەرپرسانی ئیی پارتین لە شارەکە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند.
 
ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە لە کاتێکدایە، کەمتر لە سێ مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا. گوشار و رەخنەکانی ئیی پارتی زیاتر بەهۆی ئەوەیە کە ئەمجارە بڕیاری داوە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن پێکنەهێنێت و بە تەنیا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا لەنێو هاوپەیمانیی میلـلەتدا بوو و هاوشانی جەهەپە و چەند پارتێکی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن، رکابەریی پارتەکانی دەسەڵاتیان دەکرد.
 
عەلی دەنیز کە راگەیێندراوی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی خوێندەوە، باسی لەوە کرد، سەرەتا ئیی پارتی بە ئامانجی چوونە دەسەڵات دامەزرا، بەڵام بەگوێرەی سیاسەتی ئێستای ئەو پارتە، روونە کە مەبەستێکی وەهای نییە و هەوڵیش بۆ وەرگرتنی دەسەڵات نادات. دەنیز هەروەها گوتی، "بەداخەوە کە دەبینین بەتایبەتی لە ئەنتاڵیا ئیی پارتی هەوڵ بۆ وەرگرتنی دەسەڵات نادات."
 
عەلی دەنیز: ئێوە ئاگادار نین کە ئاکەپە و مەهەپە لە دەسەڵاتن؟
 
ئەو بەرپرسانە لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە سەرکردایەتیی ئیی پارتی لە ئەنتاڵیا راگەیاندووە و رەخنەی تووند لە سەرۆکی رێکخستنەکانی ئیی پارتی لە ئەنتالیا دەگرن و دەڵێن، "لە هەموو کۆبوونەوەکاندا رەخنەکان ئاراستەی جەهەپە دەکرێن. ئایا ئێوە ئاگادار نین کە ئاکەپە و مەهەپە لە دەسەڵاتن؟ ئایا لە دیدارە دوو بە دوو و کۆبوونەوەکاندا بە سەرۆکی گشتیتان راگەیاندووە کە ئەم سیاسەتە هەڵەیە و وا بڕوات پارتەکە دەبێتە پارتێکی تابلۆیی بێ جەماوەر؟"
 
"ئەمجارە نیوەی دەنگی هەڵبژاردنەکەی رابردوو ناهێنین"
 
ئەو بەرپرسانەی ئیی پارتی هەروەها باس لە بوونی گەندەڵی دەکەن لە هەڵبژاردنی بەربژێر بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی پار. پێشیانوایە لەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەی شارەوانییەکان کە بڕیارە 31-03-2024 بەڕێوەدەچێت، ئیی پارتی لە ئەنتالیا دەنگەکانی کەمتریش دەبنەوە.
 
تەواوی ئەندامانی ئیی پارتی لە ئامەد دەستیان لەکارکێشایەوە
 
تەنانەت بەرپرسانی ئیی پارتیش نکۆڵی لەوە ناکەن کە گۆڕانکارییەکی زۆر لە سیاسەتیاندا هەیە. هەر بۆیەش چەند جارێک و لە چەند پارێزگایەکی جیاوازی باکووری کوردستان و تورکیادا ئەندامانی ئەو پارتە دەستیان لە کار کێشاوەتەوە. بەهۆی ئەوەی شێخ سەعیدی پیرانی بە بەهای کوردان وەسفکرد، سالم ئەنساریئۆغڵو پەرلەمانتاری ئیی پارتی درایە لیژنەی دسپلینی پارتەکە، بەڵام ئەنساریئۆغڵو راستەوخۆ دەستی لەکار کێشایەوە.
 
هەر لەبەر ئەمەش، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئامەدی باکووری کوردستان، رۆژی 16-12-2023 ویژدان ئەنساریئۆغڵو، سەرۆکی لقی ئیی پارتی لە ئامەدی باکووری کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی 12 هەزار و 750 ئەندامی ئیی پارتیی راگەیاند. ئەو دەستلەکارکێشانەوە بەکۆمەڵە وەکو کاردانەوەیەک بوو لە دژی هەڵوێستی ئیی پارتی سەبارەت بە شێخ سەعیدی پیران کە هەڵوێستێکی نەرێنی بوو. لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ویژدان ئەنساریئۆغڵو گوتی: "ئەگەر گەورەی سیاسەت و گەورەی ناوچەکەمان بەڕێز سالم ئەنساریئۆغڵو لە شوێنێک نەبێت، ئێمەش لەو شوێنەدا نامێنینەوە. بەم بۆنەیەوە ئێمە 12 هەزار و 750 ئەندام لە رێکخستنەکانی دیاربەکر، دەستلەکارکێشانەوەی خۆمان لە ئیی رادەگەیێنین و ئەمە بە رێزەوە بۆ رای گشتی روون دەکەینەوە."
 
سەبارەت بە ئەگەری بڵاوبوونەوەی دەستلەکارکێشانەوەکە لە شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان، ویژدان ئەنساریئۆغڵو رایگەیاند، "ئەوان لە ئامەد بە کۆمەڵ دەستیان لە کارکێشاوەتەوە و تابلۆی ئیی پارتییان هێناوەتە خوارەوە. ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە لە شارەکانی دیکەش بەردەوام دەبێت.
 
ئیی پارتی
 
رۆژی 25ی تشرینی یەکەمی 2017  دامەزرانی ئیی پارتی لەلایەن مەرال ئاکشەنەر راگەیێنرا و هەر خۆشی تاوەکو ئێستا سەرۆکی گشتییە. ئیی پارتی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2018'دا 9.69٪ی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی پەرلەمانی تورکیای بەدەستهێنا. هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 14-5-2023'دا 9.6٪ی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی لە پەرلەمان بەدەستهێنا. ئیی پارتی لە هەڵبژاردنی رابردوو کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، هاوپەیمانی جەهەپە بوو. بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانی بڕیاریداوە بە تەنیا بەشداری بکات. ئەمە لەکاتێکدایە بلۆکی دەسەڵات لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهوور بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە