عەلی باباجان لەبارەی تەحریر شام: هێشتا روون نییە کێ لەپشتیانە

رووداو دیجیتاڵ

عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) سەبارەت بە هێزەکانی دەستەی تەحریر شام رایگەیاند ئێستا روون نییە کێ لە پشتیانەوەیە و کێ پشتگیرییان دەکات.
 
لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی تایبەتدا کە شەوی رابردوو 7-12-2024 پەخشکرا، باباجان سەبارەت بە دۆخی ئێستا سووریا قسەیکرد. 
 
لەکاتێکدا شامی پایتەخت کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریر شام، باباجان سەبارەت بە داهاتووی سووریا گوتی "پێویستە سووریایەک بێت تەواوی ئەو خەڵکەی لەوێدا دەژین، مافی بنەڕەتییان هەبێت و وڵاتەکە لەڕێی دیموکراسییەکی فرەیی بەڕێوەببرێت. سووریایەک بێت، ویستی خەڵک وڵاتەکە بەڕێوەببات. دەزانن لە سووریا پێکهاتەی جۆراوجۆر هەن، ئایین و مەزهەبی جۆراوجۆر هەن، جا پێویستە لە سووریا بەڕێوەبردنێک بکرێتە ئامانج کە نوێنەرایەتیی تەواوی ئەو جۆراوجۆرییە بکات." 
 
سەبارەت بەو رژێمەی ساڵانێکی دوور و درێژە حوکمی سووریای دەکرد، باباجان گوتی "رژێمی سووریا راستییەکەی کەمینەیە، ئێمە باسی کەمینەیەک دەکەین کە حوکمی زۆرینە دەکات. بێگومان ئەو سووریایەی باسی لێوە دەکەین، پێویستە مافی ئەو کەمینەیەش بدات." 
 
عەلی باباجان پێیوایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا، پێویستە تورکیا، ئێران، ئەمریکا و رووسیا لەسەر مێزێک کۆببنەوە و دیالۆگێک دروستبکەن کە تەواوی پێکهاتەکانی سووریا بگرێتەوە. هەروەها نوێنەری پێکهاتەکانیش لەسەر ئەو مێزە کۆببنەوە. دەڵێ "ئێستا چەند گرووپێکی چەکدار هەن کە هەر وڵاتێک بە جۆرێک دەیانبینێت، بەشێکیان بە ئۆپۆزیسیۆن و بەشێکیان بە رێکخراوی تیرۆرستی دەبینرێن، بەجۆرێک هەر وڵاتێک جۆرە تێڕوانینێکی لەمبارەیەوە هەیە. تێکەڵ و پێکەڵییەکی لەمجۆرە هەیە".
 
سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن سەبارەت بە تەحریر شام (هەتەشە) کە بەردەوامە لە بەرەوپێشچوون و شامی پایتەختی سووریاشی کۆنترۆڵکردووە، گوتی "ئەو پێکهاتەیەی پێیدەڵێن هەتەشە، کێ لەپشت ئەوانەدا هەیە و کێن ئەوانەی پشتیوانیی دەکەن. ئەمانە شتانێک نین روون بن، بەڵکو خۆڵەمێشین. پێویستە سەیربکەین و بزانین چی دەڵێن و چی دەکەن. ئایا ئەوان وەکو ئەوەی چەند وڵاتێک پێیاندەڵێن رێکخراوی تیرۆرستی، وەها رەفتار دەکەن؟ یان وەک ئەوەی چەند وڵاتێکی دیکە باسدەکەن، ئەوان وەکو گرووپێکی چەکداریی تێکۆشەری جیاواز رەفتار دەکەن؟ ئایا لەو شوێنانەی کۆنترۆڵی دەکەن، چی دەکەن؟ ئایا لەوێدا رێز لە خەڵکی سڤیل دەگرن، یانیش بە ئایدۆلۆژیای خۆیان رەفتار دەکەن و مافی ژیان بە خەڵکەکە نادەن؟ ئەمانە زۆر گرنگن و دەبێت چاودێری بکرێن".
 
باباجان هەروەها جەختیکردەوە لەوەی ئەنقەرە ئێستا گرنگی بەوە دەدات هیچ شەپۆلێکی دیکەی کۆچبەری نەبێتە جێی باس.  
 
عەلی باباجان یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتییە و پۆستەکانی وەزیری ئابووری و وەزیری دەرەوەی تورکیای بەڕێوەبردووە. ئێستا سەرۆکی پارتی دەڤایە کە لە پەرلەمانی تورکیادا 15 کورسیی هەیە.