چاوشئۆغڵو: رێگەنادەین وەک پلە دوو مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکرێت

رووداو - هەولێر

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆیە و رێگەنادەن وەک وڵاتێکی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

بۆ تاووتوێکردنی رێککەوتننامەی بەرگرتن بە کۆچی نایاسایی و ھەڵگرتنی ڤیزەی شنگن لەسەر هەڵگرانی پاسپۆرتی تورکیا، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ فرانس تیمێرمانس، جێگری یەکەمی سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، چاوشئۆغڵو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، تورکیا بەپێی رێککەوتنەکە بەرپرسیارێتی خۆی بەجێدەهێنێت و گوتی "دوایین کارمان پێشکەش دەکەین، جارێکی دیکە پێکەوە کۆدەبینەوە و ئەنجامێک بۆ ئەم کارە دیاری دەکەین. پێمان راگەیاندن کە لەمەودوا پێویستە چۆن درێژە بە پەیوەندییەکان بدەین".

چاوشئۆغڵو  گوتیشی "ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاش جەخت لەسەر گرنگی تورکیا دەکەنەوە. ئێمەش یەکێتیی ئەوروپا بە بێ بایەخ ئەژمار ناکەین".

وەزیری دەرەوەی توركیا راشیگەیاند، ئەنقەرە رێگە نادات تورکیا وەک پلە دوو مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و گوتی "دەبێت بە یەکسانی خۆیان تەماشامان بکەن. تەنیا لەبەرئەوەی دەمانەوێت ببین بە ئەندام، مانای ئەوە نییە ئێمە پلە دوو و ئەوانیش پلە یەک بن. ئەمڕۆ لە ناتۆ و زۆرێک لە  دامەزراوەکاندا ئەندامین. لەوێدا کە یەکسانین، چۆن دەبێت لێرەدا وەک پلە دوو مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت".