دەمیرتاش: بەدیلگرتنم زۆر ناخایێنێت و هەدەپە گەورەتر دەبێت

رووداو - ئەدیرنە

دوای 33 رۆژ لە دەستبەسەرکردنی لە زیندان، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) چاوی بە منداڵەکانی و دایک و باوکی کەوت.

رۆژی چوارشەممە 7-12-2016  کچەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوژینەکەی، دایک و باوکی و خوشکێکی سەردانی زیندانی ئەدیرنەیان کرد و چاویان بە دەمیرتاش کەوت.

لەڕێگەی هاوژینەکەیەوە، هاوسەرۆكی هەدەپە پەیامێکی بۆ رایگشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بەردەوام دەبین لەسەر خەباتی مەدەنی سیاسیی".

دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا دەڵێت "لەو خەباتە سیاسییەدا کە پێکەوە بەڕێوەمان دەبرد، ناچاری گۆڕانکارییەکی کاتی لە شوێنەکانماندا کراین. بەڵام سوورین لەسەر خەباتی سیاسیی و لە هەموو کاتێک زیاتر بەجۆش و خرۆشین بۆ کارکردنمان. دەخوازم بە دڵ بڕوا بەمە بکەن".



هاوسەرۆكی هەدەپە دەشڵێت "هەدەپە ئومێدی یەکەمە بۆ تەواوی گەلانی تورکیا. هەستی پێکەوەییی نێوان ئێمە و گەل لە ئاستێکدایە، کە ناتواندرێت لەنێو چوار دیواردا بەندبکرێت".

دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەردەوامی هاوڕێکانی "لەسەر خەباتی خۆیان ئومێدی پێدەبەخشێت" و، دەڵێت "دەبێت بزاندرێت کە ئەم بەدیلگرتنەم زۆر ناخەیێنێت، گەورەکردنی هەدەپە روونترین وەڵاممان دەبێت بۆ ئەو زیهنەی کە ئێمەی لێرە بەدیلگرتووە".