رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکاندا کە لە 41 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کراون، 257 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە دەستبەسەر کراون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی هەینی 08-11-2024 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی کۆچبەران بڵاوکردەوە.
بە گوتەی یەرلیکایا، لە دوو هەفتەی رابردوودا ئۆپەراسیۆنێک بەناوی "کاڵکان-28" لە 15 پارێزگای باکووری کوردستان و 26 پارێزگای تورکیا کراوە؛ لە ئەنجامدا 257 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران دەستبەسەر کراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەو 257 کەسە، 59 کەسیان خراونەتە زیندانەوە، 22 کەسیش بە مەرجی دادوەری ئازادکراون و تائێستاش کاروباری یاسایی 176 کەسەکەی دیکە بەردەوامە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆ، لە ساڵی 2024 ـدا شەش هەزار و 339 ئۆپەراسیۆن دژی قاچاخچیانی کۆچبەران کراون، سێ هەزار و 924 کەس دەستگیرکراون و یەک هەزار و 693 کەسیش ئازادکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ