وەزیری ناوخۆی تورکیا: 715 هەڵگری چەکی بێ مۆڵەت دەستگیرکران

08-11-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئۆپەراسیۆنی دەستگرتن بەسەر چەکی بێ مۆڵەت لە 66 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوو؛ هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر زیاتر لە 600 چەکی جۆراوجۆردا گرت و 715 کەسیش بە تۆمەتی هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت دەستگیرکران.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکە لە 66 پارێزگا بۆ دەستگرتن بەسەر چەکی بێ مۆڵەتدا بەڕێوەچووە.
 
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 561 دەمانچە و 68 تفەنگی بێ مۆڵەت دەستیان بەسەردا گیرا؛ هەروەها 715 کەس بە تۆمەتی هەڵگرتن و بەکارهێنانی ئەو چەکانە دەستگیرکران.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا ڤیدیۆیەکی تایبەت بە ساتی ئۆپەراسیۆنەکە و دەستگیرکردنی چەند گومانلێکراوێکی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە خەڵک دەکات، ترس و دڵەڕاوکێیان نەبێت و ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە دەستگرتنە بەسەر چەکی بێ مۆڵەتدا. 
 
ئۆپەراسیۆنەکە لە 81 پارێزگاکەی باکووری کوردستان و تورکیادا، 66 پارێزگای گرتەوە؛ 18 لەو پارێزگایانە دەکەونە باکووری کوردستان. زۆرترین دەستگیرکردن لە سەر ئاستی پارێزگاکانی تورکیا لە ئیستەنبووڵ بوو کە 49 کەس دەستگیرکران؛ لە سەر ئاستی پارێزگاکانی باکووری کوردستانیش دیلۆک بوو کە 29 کەس دەستگیرکران.
 
بەگوێرەی ئاماری فەرمی، ساڵی 2022 لە 3 هەزار و 984 شەڕدا لە باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە و لە ئەنجامدا 2 هەزار و 278 کەس کوژراون و 4 هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە