لە ئیستەنبووڵ پێنج کەس بە تۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە دەستبەسەر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە ئیستەنبووڵ، پێنج کەس بە تۆمەتی ئەندامێتیی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەستبەسەر کران.
 
ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچووە.
 
تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی ئیستەنبووڵ هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ و پێنج کەسیان دەستبەسەر کرد، گوایە ئەندامی تەڤگەری لاوانی شۆڕشگێڕن و لەسەر ناوی پەکەکە کاری سیاسی دەکەن.
 
رێکاری یاسایی بەرامبەر کەسە دەستبەسەرکراوەکان گیراوەتەبەر و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە تۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە، هاووڵاتیانی مەدەنی و چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن.