ئەردۆغان: بکوژانی نارین تووندترین سزا دەدرێن

08-09-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 19 رۆژ، تەرمی نارینی تەمەن هەشت ساڵ لەنێو توورەگەیەکدا دۆزرایەوە. رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت، "هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆئەوەی بکوژانی نارین رووبەڕووی تووندترین سزا ببنەوە."
 
نارین گوران، ئەو کچە تەمەن هەشت ساڵانە بوو لە رۆژی 21ی ئابەوە بێسەروشوێن بوو. هەوڵەکانی دۆزینەوەی نارین، رۆژەڤێکی گەرمی تورکیا بوو، بووە کەیسی رای گشتی و هەمووان بە تاسەوە بەدوای هەواڵێکی خۆشدا دەگەڕان.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی ئەیلوولی 2024 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، کاژێر 08:40 خولەک، تەرمی نارین گوران لەنێو تورەگەیەکدا لەنزیک گوندی تاڤشانتەپە لە شارۆچکەی باغڵار-ی ئامەد دۆزرایەوە. وەزیری ناوخۆ گوتیشی، "نارینی کچمان کە لە گەڕەکی تاڤشانتەپەی ناوچەی باغڵاری دیاربەکر ون ببوو، بەداخەوە تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی جەندرمەوە دۆزرایەوە."
 
لەمبارەیەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و دڵگرانی و نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، "زۆر بەداخەوە هەواڵی پڕ لە ئازاری کوژرانی نارینی کچمان پێگەیشت کە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە."
 
ئەردۆغان راشیگەیاند، "گومانی تێدانییە کار دەکەین بۆ ئەوەی بکوژانی نارین لەبەردەم دادگە سزا بدرێن. لە پرۆسەی دادگەییکردنی ئەو بکوژانەی نارین-یان لە ئێمە سەند، لە نزیکەوە چاودێریی دەکەم و هەوڵەکان لەڕووی یاساییەوە چڕ دەکەمەوە بۆ ئەوەی تووندترین سزا بدرێن."
 
هاوکات یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە تاوەکو ئێستا 21 کەس لە کەیسی بێسەروشوێنکردن و کوشتنی نارین-ی تەمەن هەشت ساڵان دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەی وردیان لەگەڵدا دەکرێت بۆئەوەی بکوژ بدۆزرێتەوە.
 
هەفتەی رابردوو، لەم کەیسەدا مامی نارین لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا، بەهۆی ئەوەی ئاسەواری خوێن لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە کە دوای پشکنین دەرکەوت، خوێنی نارینە.
 
تیمی تایبەت لە ئەنقەرەوە بۆ گەڕان بەدوای نارین گەیشتە ئامەد و هاوکاریی تیمەکانی ئەوێیان کرد. ئەو شوێنەی تەرمەکەی لێ دۆزراوەتەوە، پێشتر هەشت جار گەڕان و پشکنینی بۆ کراوە، بەڵام بێئەنجام ببوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە