تەرمی نارینی تەمەن هەشت ساڵ لە ئامەد لەنێو توورەگەیەکدا دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
نارین گوران کە منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵان بوو لە رۆژی 21-8-2024ــەوە بێسەروشوێن بوو، ئەمڕۆ 8-9-2024 تەرمەکەی لە توورەگەیەکدا دۆزرایەوە.
نارین گوران دانیشتووی ناوچەی باغڵاری ئامەد بوو، 19 رۆژ لەمەوبەر بێسەروشوێن بوو، کەسوکاری و پۆلیس بەدوایدا دەگەڕان.
بەتۆمەتی کوشتنی نارین، مامی کچە هەشت ساڵانەکە ماوەی هەفتەیەک دەبێت دەستگیرکراوە، ئەمەش یەکێکی دیکە لە بابەتە جێی مشتومڕەکان بوو لە باکووری کوردستان و تورکیا کە کە "چۆن بەبێ دیاربوونی تەرمێک، کەسێک بەتۆمەتی کوشتنی دەستگیردەکرێت؟"
عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە "نارینی کچمان کە لە گەڕەکی تاڤشانتەپەی ناوچەی باغڵاری دیاربەکر ون ببوو، بەداخەوە تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی جەندرمەوە دۆزرایەوە. داوای رەحمەتی خوا بۆ نارینی کچمان دەکەین. پێگەی بەهەشت بێت."
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا بە هەمانشێوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت، ئەو هەواڵە هەمووانی خەمبار کرد. تونچ هەروەها ئاماژەیکردووە، لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان لەمبارەیەوە دەستیپێکردووە و ''بەدڵنیاییەوە تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.''
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە هەژماری فەرمییدا رایگەیاندووە "بەداخەوە ئەم بەیانییە تەرمی نارین گوران دۆزرایەوە کە 19 رۆژ بوو گەڕان بەدوایدا بەردەوام بوو. هەمووان بەم هەواڵە دڵگران بوون و ئەمە خەمێکی گەورەیە!''
هەروەها ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکاندا نیگەرانیی خۆی بۆ هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی نارین نیشاندا و گوتی "هیوادارم بە زووترین کات، وردەکاریی رووداوەکە بە تەواوی بخرێتەڕوو و رای گشتی لە تەواوی پێشهاتەکانی ئەم بابەتە ئاگادار بکرێتەوە."
تیمی تایبەت لە ئەنقەرەوە بۆ گەڕان بەدوای نارین گەیشتە ئامەد و هاوکاریی تیمەکانی ئەوێیان کرد.
ئەو شوێنەی تەرمەکەی لێ دۆزراوەتەوە، پێشتر هەشت جار گەڕان و پشکنینی بۆ کراوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری رووداو لەبەردەم دادپزیشکیی ئامەد کە تەرمەکە گوێزراوەتەوە ئەوێ، گوتی "تەرمی نالین بەیانیی ئەمڕۆ پێش کاژێر 08:00 لەنێو تورگەیەکدا لەنێو ئاو دۆزراوەتەوە، بۆ ئەوەی کەس گومانی لێ نەکات، تورگەکە بەردیشی خراوەتە سەر و لقی داری لەسەر دانراوە."
ماشەڵڵا دەکاک، زانیاریی ورد لەبارەی کەیسەکە دەخاتەڕوو: