کتێبەکەی جەنگیز چاندار لەبارەی کێشەی کورد لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا بڵاوکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
جەنگیز چاندار، راوێژکاری تایبەتیی تورگوت ئۆزاڵ، هەشتەمین سەرۆککۆماری تورکیا، کە ئێستا لە ئەوروپا دەژی و رۆژنامەڤان و نووسەرە، کتێبێکی بە زمانی ئینگلیزی لەبارەی کێشەی کورد بە ناوی (Turkey’s Mission Impossible: War and Peace with the Kurds)  لە پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکاندا نمایشکرد.
 
چاندار لەبارەی کتێبەی، بەتایبەتیش کە زۆر لە خوێنەران باس لە ئاڵۆزیی تایتڵەکەی دەکەن، لە پرۆگرامێکی تایبەت لە پلاتفۆرمی یوتیوبەوە رایگەیاند: "بە مەبەست ئەو تایتڵە ئاڵۆزەم هەڵبژارد. ئەرکی مەحاڵی تورکیا، هەتا دەکرێ بڵێین ئەرکی مەحاڵی تورکیا. جا لێرەدا تایتڵەکە بەردەوام دەبێت کە ئەویش باس لە شەڕ و ئاشتی لەگەڵ کورد دەکات. واتا تورکیا هیچ یەک لەمانەی بۆ ناکرێت. لەڕێی شەڕەوە هیچ ئەنجامێک بەدەستناهێنێت. هەروەک ئەمەی ئێستا، دەتوانن لەڕێی سەربازییەوە گوشار بکەن، بەڵام لە شوێنێکەوە دووبارە گرفت سەرهەڵدەداتەوە".
 
هەروەها دەڵێت: "ئینجا گوتمان بە ئاشتی چارەسەر ببێت. بەڵگەی پرۆسەکانی ئاشتی لەبەردەستماندا هەیە. لە 2008 دیدارە نهێنییەکانی ئۆسلۆ دەستیانپێکرد و ساڵی 2011 کۆتاییهات. دواتر ساڵی 2013 دووبارە دەستیپێکرایەوە، کە پرۆسەی چارەسەری بوو. دواتر ساڵی 2015 دووبارە کۆتاییهات. دوای 2016 چووە قۆناخێکی نوێ. کەواتە ئاشتیش دەستەبەر نابێت، ئەوەیە کە ئێمە لە کتێبەکەدا تیشکمان خستووەتەسەری و دەڵێین ئاشتیش سەرینەگرتووە. واتا نە دەتوانی شەڕ بکەیت نە دەتوانی ئاشتی بەرقەرار بکەیت. کتێبەکە باس لەمە دەکات".
 
نووسەر دەڵێ لەم کتێبەیدا باس لە دۆخی تورکیا دەکات، بەڵام لەسەر بنەمای کێشەی کورد ئەم باسەی کردووە. 
 
لە کتێبەیدا جەنگیز چاندار باس لە کێشە و سەرهەڵدان و شەڕەکان دەکات؛ لە قۆناخی دوای دامەزرانی کۆماری تورکیا لە شێخ سەعیدەوە دەستپێدەکات. دواتر ژمارەیەک لە رووداو و پێکدادانە گەورە و بچووکەکانی ئەو سەردەمە باسیان لێوەکراوە. بەدواییەوە سەرهەڵدانی چیای ئاگری. 
 
چاندار هەروەها باسی لە کۆمەڵکوژییەکەی دێرسیم (1936-1937) کردووە. لەم کتێبەدا ماوەی دوای رووداوەکانی دێرسیم 1937 تاوەکو دەستپێکردنی خەباتی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە چەند دەیەی بێدەنگ ناوبراوە. ئەمە لەکاتێکدایە چاندار باس لە بوونی چەند جموجۆڵێکیش لەو ماوەیەدا کردووە. 
 
چاندار بە گشتی لەبارەی پرسی کوردەوە دەڵێت :"ئەگەر سەیربکەین دوای رووداوەکانی دێرسیم ماوەی نزیکەی 4.5 دەیەیە بێدەنگی هەیە و مەسەلەی کورد لەو سەردەمەدا خراوەتە ژێر گۆڕ".
 
جەنگیز چاندار نووسەر و رۆژنامەڤانی تورک ساڵی 1948 لە ئەنقەرە لەدایکبووە. ساڵی 1970 بەشی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە. لە ساڵی 1991 تاوەکو 1993 راوێژکاری تایبەتیی تورگوت ئۆزاڵ، سەرۆککۆماری ئەوکاتی تورکیا بووە.
 
کتێبەکانی چاندار:
 
خەباتی فەڵەستین - 1976
ئێران، لە دوێنێوە بۆ ئەمڕۆ - 1981
رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نێ دەرچە - 1983
مۆڵەتی دیدار لەگەڵ مێژوو - 1983
حەوت رەنگی خۆر - 1987
شارەکانی من - 1999
بە رووێکی سپییەوە دەرچووین - 2001
ئەکسپرێسی مێزۆپۆتامیا - 2012
ئەرکی مەحاڵی تورکیا - 2021