خانەنشینانی ئامەد لە بڕی زیادکراوی مووچەکانیان ناڕازین

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی تورکیا کەمترین مووچەی خانەنشینی لە 10 هەزار لیرە بۆ 12 هەزار و 500 لیرە بەرزکردەوە کە دەکاتە 375 دۆلار. رۆژی چوارشەممە پارەکە چووە سەر هەژمارەکانیان. 
 
خانەنشینانی ئامەد لە باکووری کوردستان کە مووچەی تازەیان وەرگرتووە، ناڕازین و دەڵێن بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری ، ئەو 2500 لیرەیەی بۆ مووچەکانیان زیادکراوە هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیانیاندا ناکات.
 
ئەشرەف بۆزکوش، چالاکڤانی ئەنجوومەنی خانەنشینانی ئامەد دەڵێت: "ئەم 2500 لیرەیە بەشی چی دەکات؟ وەکو سەدەقە پێیانداوەین. ئەوان هەوڵدەدەن بەمە بمانخنکێنن، ئێمەش بۆ ئەوەی نەخنکێین هەوڵدەدەین".
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە مانگی رابردوودا هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە 61.78٪، بەڵام گرووپی توێژینەوەی هەڵاوسان کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە، دەڵێ رێژەکە 100.8 ٪ ـە. هەر لەو مانگەدا سنووری برسێتی خێزانێکی چوار کەسی گەیشتە 577 دۆلار . سنووری هەژاریش گەیشتووەتە  1,881 دۆلار.
 
لە چایخانەیەیەکی ئامەد خانەنشینان دۆش داماون؛ بە دوو هەزار و 500 لیرەیەی کە حکومەت بۆی زیادکردوون، ئێواران چی ببەنەوە بۆ ماڵ و منداڵەکانیان. 
 
محەممەد شا یامان، خانەنشینە و دەڵێت: "گازی سروشتییان گرانکرد، کارەبایان گرانکرد. هەموو شتێکیان گران کرد. بەش ناکات، کرێی خانوو 10 هەزار لیرەیە. بەش ناکات و هیچی دیکەم نییە بیڵێم. هیچ شتێک ناگۆڕدرێت. ئەگەر بچیتە بازاڕ، دەستبەجێ پارەکەت تەواو دەبێت".
 
عەلی ئۆزچەلیک، خانەنشینێکی دیکەیە و دەڵێت: "نازانین چی لەم پارەیە بکەین. ئۆتۆمبێلی پێ بکڕین یان ماڵ. ئەگەر ئەمە بارگرانییە لەسەریان، با وەکو خێر ئەم پارەیەیان بۆ بگەڕێنینەوە. ئێمە ساڵانە جارێک خێر دەکەین، با ئەم خێرە بۆ ئەوان بێت".
 
بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 16 ملیۆن خانەنشین لە باکووری کوردستان و تورکیا هەن. مووچەی نزیکەی چوار ملیۆنیان  بۆ 12 هەزار و 500 لیرە زیاد کرا، کە حەوت هەزار و 34 لیرە لە خوار سنووری برسێتییەوەیە.