رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا یاریی رۆبڵۆکس قەدەخەکرد و وەزیری دادی ئەو وڵاتە دەڵێت، ئەو یارییە رێگە بۆ دەستدرێژیی سەر منداڵان خۆش دەکات.
لە دوای قەدەخەکردن و بلۆککردنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، تورکیا رۆژی چوارشەممە 7-8-2024 یاریی رۆبڵۆکسیشی قەدەخە کرد.
یاریی رۆبڵۆکس کە زیاتر منداڵان لەڕێی کۆمپیوتەر، تابلێت و مۆبایلەوە بەشداریی تێدا دەکەن، بریتییە لە دروستکردنی خانوو و بەرەوپێشچوون لەڕێی قۆناخی جیاوازەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییەی لە ماڵپەڕی دامەزراوەی تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکانی تورکیا، یاریی رۆبڵۆکس لەو وڵاتەدا قەدەخە کراوە و ئیدی هیچ کەسێک دەستی پێی ناگات.
وەزارەتی گەیاندن و ژێرخانی تورکیا راگەیاند، ئەو هەنگاوە بە بڕیاری شەشەمین دادگەی تاوانەکانی سوڵحی ئەدەنە نراوە. داواکارییەکەش پێشتر لەلایەن داواکاری گشتیی ئەدەنە بەرزکراوەتەوە. دامەزراوەی تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکانی تورکیاش وەکو لایەنی جێبەجێکار، بڕیارەکەی جێبەجێ کردووە.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 7-8-2024 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "ئەو یارییە رێگە خۆشدەکات بۆ دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان، بۆیە قەدەخە کراوە."
تونچ هەروەها نووسیویەتی: "نابێت ئەمە لەبیر بکرێت کە تورکیا دەوڵەتی یاسایە. دەوڵەتمان لە چوارچێوەی دەستوور لەسەریەتی رێکار لەپێناوی پاراستنی منداڵانمان بگرێتەبەر. پێویستە هەموو ئەوانەی بەرپرسیاریەتییان هەیە، لە دژی ئەوانە بوەستنەوە کە دەیانەوێت منداڵانمان بکەنە ئامانج، هەروەها خۆیان لە گوتەی نابەرپرسیارانە بە دوور بگرن".
یاریی رۆبڵۆکس لەلایەن رۆبڵۆکس کۆرپەرەیشن دروستکراوە. یارییەکە لە ویندۆس، ئای ئۆ ئێس، ئەندرۆیس. ئێکس بۆکس و پلەی ستەیشن بەردەستە.
ئەو یارییە بۆ یەکەمجار ساڵی 2006 کارا کرا. زۆربەی ئەوانەی یاریی رۆبڵۆکس دەکەن، تەمەنیان خوار 16 ساڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ