یاساناسێکی تورکیا بۆ رووداو: پڕۆژەیاسای لێخۆشبوون لە زیندانیان تاوانی سیاسی ناگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر پڕۆژەیاسای تایبەت بە زیندانیان پەسندبکرێت، ئەو زیندانییانەی کەمتر لە 5 ساڵ سزایان لەسەرە و لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە مەرج ئازادکراون، ناگەڕێندرێنەوە زیندان.
 
رۆژی پێنجشەممە 08-07-2023، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تویتەر بڵاویکردەوە "بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایەی لیژنەی پلان و بودجە لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندی کردووە، ئەو کەسانەی لە کاتی کۆرۆنادا بەمەرجی چاودێری ئازاد کراون و پێنج ساڵ یان کەمتریان ماوە بۆ کۆتاییهاتنی سزاکانیان، دووبارە ناگەڕێنەوە گرتووخانە".
 
لە رۆژی 31ـی تەمموزەوە لە باکووری کوردستان و تورکیادا ئەو سزادراوانەی لە گرتووخانەکاندا بەشێکی دیاریکراوی سزاکەیان بەسەربردووە، ئەگەر لە ماوەی زیندانییەکەیاندا هیچ رەفتارێکی هەڵەیان نەنواندبێت و ئەستۆپاک بن، ئەوا سێ ساڵ زووتر دەتوانن سوود لە ئازادبوونی مەرجدار وەربگرن.
 
یڵماز تونچ راشیگەیاند، بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە لە 31ـی تەمموزەوە بەرپرسیارییەتیی سەر ئەو کەسانە لادەچێت کە بە شێوەی مەرجدار ئازاد دەکرێن و تەنیا لە کاتی کردنی تاواندا دووبارە دەگەڕێندرێنەوە بۆ گرتووخانە. هەموو ئەمانە لەکاتێکدان پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیاساییە هێشتا بە فەرمی رانەگەیێنراوە.
 
سەڤیم پاڕڵاک، یاساناس لە ئیستەنبووڵەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو پڕۆژەیاساییە هێشتا لە پەرلەمانە و نەکراوەتە یاسا. پاڕڵاک هەروەها گوتی "ئەو بڕیارە پەیوەندیدارە بەو کەسانەی پێشتر حوکمدراون. ئەگەر پڕۆژەیاساکە پەسند بکرێت، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی بە 10 ساڵ بەندکردن سزادراون، بەبێ ئەوەی گرتووخانە ببینن، ئازاد دەکرێن".
 
سەبارەت بەو کەسانەی پرۆژەیاساکە دەیانگرێتەوە، سەڤیم پاڕڵاک گوتی "لەکاتێکدا لەگەڵ نوێبوونەوەی کابینەی وەزیران هەوڵێک بۆ دەرکردنی لێبووردنی گشتی لە ئارادا بوو، بەڵام ئەم پڕۆژەیاسایەی ئێستا بردراوەتە پەرلەمان، دەتوانین بڵێین لێبووردنێکی پەردەپۆشکراوە و بەشێکی زۆر لە خەڵک ئاگاداری نین. ئەو لێبووردنە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە تاوانی تیرۆر، یاخود بڵێین تاوانی سیاسییان لەسەرە. بەڵکو ئەوانە دەگرێتەوە کە تاوانی ئاساییان لەسەرە. ئەمە وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک ناداتەوە، ئەوە نەبێت قەرەباڵخیی گرتووخانەکان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە".

 

 
لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا بەشێک لە حوکمدراوان بە مەرج ئازادکران، سەبارەت بە چارەنووسی ئەوان، سەڤیم پاڕڵاک گوتی "رۆژی 31ـی تەمموزی 2023 ماوەی ئازادکردنی ئەو سزادراوانەی لە کاتی کۆرۆنا ئازادکرابوون، کۆتایی دێت. جا لە دوای ئەو ماوەیە چاوەڕێ دەکرێت هەزاران یان دەیان هەزار حوکمدراو بگەڕێندرێنەوە گرتووخانەکان. یەکێک لە مەبەستەکانی ئەو پڕۆژەیاسایە ئەوەیە کە ئەگەر پەسندبکرێت، ئەو ئازادکراوانە بێ گەڕانەوە بۆ گرتووخانە، حوکمەکەیان تەواو دەکەن. چونکە بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایە حوکمدراوان دەتوانن لە ماوەی پێنج ساڵدا داواکاری بۆ ئازادبوونیان پێشکێش بکەن. لەکاتێکدا پێشتر ئەو ماوەیە سێ ساڵ بوو".
 
سەڤیم پاڕڵاک تێبینی لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە هەیە و دەڵێت "بەداخەوە ئەمە لە دیدی یاساناسانەوە جێی رەخنەیە. بۆ نموونە تاوانبارانی ماوەی 10 ساڵ زیندانی، بە چاوەڕوانیی ئەوەی دووبارە لێبووردنێکی وەها دەردەچێت، دەکرێ تاوان بکەن. ئەوەی کۆمەڵگە چاوەڕێی دەکرد لە 100 ساڵەی کۆماری تورکیادا، رۆژی 29-10-2023 دەرچوونی لێبووردنێکی گشتیی وەها بوو کە هەموو تاوانەکان بگرێتەوە، بە سیاسیشەوە. واتا هەموو جۆرە تاوانەکان بەبێ جیاوازی بگرێتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئارادایە، لێبووردنێکی کاتی و ناڕیشەییە".