رووداو دیجیتاڵ
پشووی جەژنی قوربان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستپێدەکات، کە 9 رۆژ بەردەوام دەبێت. بەشێکی زۆری هاونیشتمانی و هاووڵاتییان بۆ بەسەربردنی پشووی جەژن گەشت دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 9ی حوزەیرانی 2024 پشووی جەژنی قوربان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستپێدەکات. بەشی زۆری هاونیشتمانییان لە باکووری کوردستان و هاووڵاتییان لە شارەکانی تورکیا بۆ بەسەربردنی پشووی جەژن گەشت دەکەن؛ هەربۆیە قەرەباڵخییەکی زۆر لە رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکان و فڕۆکەخانەکاندا دروست دەبێت.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پێشبینی دەکات، نزیکەی شەش ملیۆن کەس بۆ بەسەربردنی پشووی جەژن بە سوودوەرگرتن لە ئۆتۆمبێلی خۆیان، پاسە گەشتیارییەکانی نێوان شارەکان و لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەشت بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبانەکانی تورکیاش بڕیاری داوە لە رۆژانی نێوان 15 - 24ی حوزەیران کرێی هاتووچۆی هاووڵاتییان بەسەر پرد و بەنێو تونێلە سەرەکییەکانی سەر رێگە خێرا و ئۆتۆبانەکان بێ بەرامبەر بکات. ئامانج لەم بڕیارە، کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و رێگەگرتنە لە دروستبوونی رووداوی هاتووچۆ.
لە نۆ رۆژ پشووی جەژنی رەمەزاندا 4998 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو، لە ئەنجامدا 66 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 8352 کەسی دیکەش بریندار ببوون، ئەوەش بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ