رووداو دیجیتاڵ
دوای دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دراوە بیانییەکان، نرخی بەنزین، گازوایل و LPG لە تورکیا زیاد دەکرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی کەرتی سووتەمەنی، لە بەرەبەیانی سبەیەوە (هەینی، 9ـی حوزەیرانی 2023) نرخی لیترێک بەنزین دوو لیرە و 70 قرووش، گازوایل یەک لیرە و 37 قرووش و غازی ئۆتۆمبێلیش (LPG) 67 قرووش زیاد دەکرێت.
دوای ئەم بەرزبوونەوەیە، نرخی یەک لیتر بەنزین لە ئیستەنبووڵ دەگاتە 23.99 لیرە، لە ئەنقەرە 24.35 لیرە و لە ئیزمیر 24.38 لیرە. هەروەها نرخی گازوایل لە ئیستەنبووڵ نزیکەی 22.11 لیرەیە، لە ئەنقەرە 22.50 و لە ئیزمیر 22.52 لیرەی تورکییە.
دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ، بەهای لیرە زیاتر دابەزیوە، لە کاتێکدا دامەزراوە بیانییەکان پێداچوونەوەیان بە چاوەڕوانییەکانی لیرە بەرامبەر دۆلار دەکرد.
دوێنێ چوارشەممە (حەوتی حوزەیرانی 2023) لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە، زیاتر لە 6٪ ـی بەهای لەدەستدا و یەک دۆلار بە زیاتر لە 23.17 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. پێشبینی دەکرێت بەهای لیرە زیاتریش دابەزێت.
محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی و گەنجینەی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند، کاری هەرە لەپێشینەیان دامەزراندنی تیمی پسپۆری متمانەپێکراو و شارەزایە، لە رێگەی ئەو تیمەوە بەرنامەیەکی تۆکمە و بەهێز دادەڕێژن بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخی دراوی خۆماڵی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ