رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پرسی غەززەدا ئیسرائیل بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ ناودەبات و دەڵێت: "لە هاوکاریکردنی ستەمدیدەکانی ئەوێدا کەس ناتوانێت سنوورمان بۆ دابنێت".
لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئاکپارتیدا کە رۆژی سێشەممە 8-4-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی گوتارێکی پێشکێشکرد.
لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە بابەتی سووریادا ئەردۆغان گوتی:"ئێمە وەک تورکیا نە ماف دەخۆین و نە چاوپۆشی لە خورانی مافمان دەکەین. هەروەک ستەمدیدەکانی غەززە، لەکاتی پێویستدا پشتیوانیی برا سووریاییەکانیشمان دەکەین؛ هەروەها لەپێناو گەیشتنی سووریای دراوسێمان بە سەقامگیری، پەنا بەخودا بەرپرسیاریەتیی سەر شانمان بە پێداگرییەوە جێبەجێ دەکەین".
دۆخی فەلەستین یەکێکی دیکە بوو لەو تەوەرانەی ئەردۆغان هەڵوەستەی لەسەر کرد.
ئەردۆغان ئیسرائیلی بە تاوانبار ناوبرد و گوتی: "لەکاتێکدا لە غەززە شکۆی مرۆڤایەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئاشکرا ژێرپێ دەخرێت، ئێمە هیچ کاتێک پشتمان لە براکانی ئەوێمان ناکەین. لە بابەتی بەرگریکردن لە راستی و ستەمدیدەکان، هیچ کەسێک ناتوانێت سنوورمان بۆ دابنێت. ئێمە هەروەک چۆن لە وڵاتی خۆماندا ئاشتی و ئارامیمان دەوێت، لە غەززە، سووریا و لوبنانیش بە هەمان شێوە زەوینەی ئاشتی، سەقامگیری و ئارامیمان دەوێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ