رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا، داوا لە ئەندامانی پارتەکەی دەکات سەرنج بخەنە سەر ئامانجەکان و هەوڵی بەهێزکردنی برایەتیی نێوان 85 ملیۆن دانیشتووانی وڵاتەکە بدەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەیدا کە رۆژی سێشەممە 8-4-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، ئەو داوایەی لە ئەندامەکانی کرد.
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات. بەڵام ئاکپارتی دەڵێت، هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیاندا لە ساڵی 2028 دەکرێن.
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، هێشتا کاری زۆر ماوە بیکەن و گوتی:"هێشتا زۆر خزمەت هەیە ئەم ستافەی ئاکپارتی دەبێت پێشکێشی بکەن. داواتان لێدەکەم، سەرنج بخەنە سەر ئەو ئامانجانەی رۆڵی ئەرێنییان بۆ وڵاتەکەمان دەبێت و برایەتیی 85 ملیۆنیمان بەهێز دەکەن".
هاوپەیمانیی جمهوور بۆ جاری دووەم دەستی بە پرۆسەیەک کردووە کە هاوشێوەی پرۆسەی ئاشتییە.
حکومەتی تورکیا "ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر"ـی راگەیاندووە و بەرپرسانی پێداگرن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان دەوڵەت و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
رۆژی 01-10-2024 دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا، دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی یەکی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هات کە رۆژی 27ـی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رایگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکی ئێمە کردەی چەکداری ئەنجام نادات" و جەختی کردەوە کە "جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەکدانان تەنیا بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی رێبەر ئاپۆ دەکرێت."
پەکەکە هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە نیشاندا؛ هەروەها جەختیکردەوە، بۆ ئەوەی کۆنگرەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی بەڕێوەی ببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ