لە دوو رۆژدا 1223 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا روویانداوە

08-04-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکرایکرد، لە دووەم رۆژی پشووی جەژنی رەمەزان، سێ کەس بە رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە. "لە دوو رۆژی یەکەمدا 1223 رووداو هاتووچۆ روویانداوە و 12 کەس گیانیان لەدەستداوە."   

 

ئەمڕۆ (دووشەممە، 8ـی نیسانی 2024) عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس داتاکانی تایبەت بە رووداوی هاتووچۆی لە ماوەی پشووی رۆژانی جەژنی رەمەزان بڵاوکردەوە.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، "لە 24 کاژێری رابردوودا شۆفێری 19 هەزار و 488 ئۆتۆمبێل لە رێگەی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆییەوە سزادراون، سزای پێبژاردنیش بۆ 33 هەزار و 145 شۆفێر تۆمارکراوە."
 
تورکیا رۆژی 10ـی نیسانی وەک یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکردووە و، سێ رۆژیشە پشووی نۆ رۆژەی جەژنی رەمەزان دەستیپێکردووە.
 
ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە تورکیا و هاونیشتمانییان لە باکووری کوردستان بۆ بەسەربردنی پشووی جەژنی رەمەزان گەشت دەکەن. بەو هۆیەوە قەرەباڵخییەکی زۆر لە رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکان و فڕۆکەخانەکاندا دروستبووە.
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پێشبینی دەکات، ئەمساڵ زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بۆ بەسەربردنی پشووی جەژن بە رێگەی وشکانی و بە سوودوەرگرتن لە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆیان و پاسە گەشتیارییەکانی نێوان شارەکان و لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە، گەشت بکەن.
 
به‌گوێره‌ی ئامارە فەرمییەکان، پار لە پشووی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە حه‌وت ملیۆن كه‌س له‌ رێگه‌ی پاسه گەشتیارییە‌كان، دوو ملیۆن كه‌س له‌ رێگه‌ی ئۆتۆمبێله‌ تایبه‌تییه‌كانیان و یەک ملیۆن كه‌سیش به‌ رێگەی ئاسمانی گه‌شتیان کرد.
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پلانی ئەمنی و سەلامەتی رێگەوبانەکانی راگەیاندووە و دەڵێت، بۆ رۆژانی پشووەکە 210 هەزار و 440 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی ئەرکدارکردووە و لەسەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا بەسەر 22 هەزار و 800 تیم دابەشکراون، رۆژانە هەشت هەزار و 612 تیم بە 65 هەزار کارمەندەوە لە ئەرکدا دەبن. 30 هێلیکۆپتەر، 417 درۆن و 300 سەگی مەشقپێکراو بۆ ماوەی 24 کاژێر لە ئەرکدان.
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیش کردووە و لە 18 هەزار شوێندا تیمی تەندروستی و ئەمبیوڵانسی گەڕۆکی ئامادەکردووە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی تەندروستی و رووداوی هاتووچۆ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە