مەرال ئاکشەنەر خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئیی پارتی بەربژێر ناکات

08-04-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شکستەکەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئیی پارتی بڕیاری بەستنی کۆنگرەی نائاسایی دا. سەرۆکی حیزبەکە دەڵێت، "خۆم بەربژێر ناکەم و ئامەدەم باجی خراپیی ئەنجامی هەڵبژاردن بدەم."
 
ئەمڕۆ (دووشەممە 8ـی نیسانی 2024) مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس راگەیێندراوێکی بەناونیشانی "بۆ گەلی تورکی مەزن" بڵاوکردەوە، تێیدا بەربژێرنەبوونی بۆ کۆنگرەی نائاسایی ئیی پارتی راگەیاند و جەختی لەوەکردەوە، ئامادەیە بەرپرسیاریێتی و باجی خراپیی ئەنجامی هەڵبژاردن بدات و لە ئەستۆی بگرێت. 
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا کە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەچوو، ئیی پارتی رووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەوە و تەنیا شارەوانییەکی بردەوە. ئەوەش بووە هۆی توڕەبوونی ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتە و زۆربەیان داوایان لە مەرال ئاکشەنەر کرد، دەست لەکاربکێشێتەوە. 
 
رۆژی 5ـی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئیی پارتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی کرد و بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنەکە بڕیاردرا رۆژی 27ـی نیسانی 2024 کۆنگرەی نائاسایی ببەسترێت. 
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی مەرال ئاکشەنەردا هاتووە، "دەزانم بە تەنیا باجی هەڵوێستەکانم دەدەم بەوەی رێگریم کرد ئیی پارتی ببێتە پاشکۆی گەورەترین حیزبی ئۆپۆزیسیۆن و بکرێتە سێبەری کەسێک کە زۆر لەمێژە چاوی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە لە ساڵی 2028 (مەبەست لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵویە). هەروەها بە تەنیا باجی ئەوە دەدەم کە رێگریم کرد هیچ لایەنێکی سیاسی و سیاسەتڤانێک هەژموونی بەسەر ئیی پارتییدا هەبێت. لەمەودوا بەرپرسیار نابم لە هەر کارەساتێک رووبەڕووی ئیی پارتی ببێتەوە؛ بۆیە بۆ گەلی مەزنی تورک رادەگەیێنم کە خۆم لە کۆنگرەی نائاسایی حیزبەکەمان بەربژێر ناکەم".
 
تاوەکو ئێستا هەریەک لە تۆڵگا ئاکئاڵن، جێگری سەرۆکی ئیی پارتی بۆ کاروباری کۆچ و کۆچبەران و موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی لە پەرلەمان خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پارتەکە بەربژێر کردووە. 
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە لە 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، ئیی پارتی تەنیا سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگای یۆزگاتی بردەوە و لە سەرانسەری تورکیادا یەک ملیۆن و 735 هەزار و 924 دەنگی بەدەستهێنا کە رێژەی دەنگەکانی 3.77٪ بوو. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، کە لە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە 4 ملیۆن و 803 هەزار و 774 دەنگ کە دەیکردە رێژەی 8.82٪ـی دەنگەکانی بردەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە