رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە 71 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان دەست بەسەر 969 چەکی بێ مۆڵەتدا گیراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی نیسانی 2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی ئێکس، ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیای لە ماوەی چوار رۆژدا راگەیاند.
ئۆپەراسیۆنەکە تایبەت بووە بە دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و ئەو کەسانەی بە قاچاخ بازرگانی بە چەکەوە دەکەن.
عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، لە چوار رۆژدا تیمەکانیان لە 71 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، دەستیان بەسەر 969 چەکی بێ مۆڵەتدا گرتووە کە 661 دەمانچە و 40 کڵاشنکۆفیان تێدابووە و 959 کەسیش کە خاوەن چەک و ئەو کەسانەی بە قاچاخ بازرگانیی بە چەکەوە دەکەن، دەستگیرکراون.
وەک لە پۆستەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیادا هاتووە، بەشێکی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە رووها، ئامەد، دیلۆک، مێردین، سەمسوور، وان، ئەرزەڕۆم، مەلەتێ، مەرەش، قەرس، خارپێت، شرنەخ، ئاگری، چەولیگ، بەدلیس، ئەرزینگان، ئێلیهـ، ئیدر، مووش، سێرت، سێواس و دێرسم لە باکووری کوردستان بوون.
بەگوێرەی راپۆرتی 2023ـی دەزگای ئوموت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و کەمکردنەوەی خاوەندارێتیی چەک لە تورکیا، پار سێ هەزار و 773 تاوانی کوشتن لە باکووری کوردستان و تورکیا بە چەک کراون و لە ئەنجامدا دوو هەزار و 318 کەس کوژراون و سێ هەزار و 820 کەسی دیکە برینداربوون.
بەگوێرەی دەزگای ئوموت، "لە سەرانسەری تورکیادا 4 ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو هەیە. لە بەرامبەردا 36 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ