ئەردۆغان: ئامادەی میوانداریکردنی لووتکەیەکی ئاشتین کە رووسیاش تێیدا ئامادە بێت

08-03-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئامادەیی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی ئاشتی دەربڕی کە رووسیاش تێیدا ئامادە بێت. سەرۆکی ئۆکرایناش سوپاسی سەرۆککۆمار و گەلی تورکیای کرد بۆ پشتیوانیان. 
 
ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئاداری 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دوای کۆبوونەوەیەکی دوو کاژێری، لە کۆشکی دۆڵمەباخچە سەرای لە ئیستەنبووڵ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان رێکخست. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، پێکەوە "باسمان لە پێشهاتی دوو ساڵەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا کرد. لە کاتێکدا بەردەوامین لە هاودەنگی لەگەڵ ئۆکراینا، لە هەوڵەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگیش بەردەوام دەبین. ئامادەی میوانداری لووتکەیەکی ئاشتیین کە رووسیاش تێیدا بەشدار بێت".
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد لە بارەی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە سەقامگیریی دەریای رەش وەک هەناردەی دانەوێڵە و گەشتیاری. لەو ماوەیەدا کە رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵە کارابوو، توانرا 33 ملیۆن تۆن دانەوێڵە هەناردەی جیهان بکرێت. بۆ نوێکردنەوەی ئەو رێککەوتنەش هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ". 
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە-کیێڤ، ئەردۆغان رایگەیاند، "سەرەڕای بەردەوامبوونی جەنگ، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان بە سەقامگیرییەکی بەرچاو بەردەوامە و هاوڕابووین لەسەر زیادکردنی هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان کە 10 ملیار دۆلارە. بەزوویی چوونە بواری جێبەجێکردنی رێککەوتنی بازرگانیی ئازاد (لەگەڵ ئۆکراینا) دەبێتە هێزێکی نوێ لەم پەیوەندییانەماندا. دەیان کۆمپانیای تورکی لە کارەکانیان بەردەوامن و بە بەهێزیش پشتیوانی لە کارەکانی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوەی ئۆکراینا دەکەین".
 
لەلایەن خۆیەوە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی رایگەیاند، "سوپاسی سەرۆککۆمار و گەلی تورکیا دەکەم بۆ پشتیوانییان لە بابەتی سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا؛ سوپاسی سەرۆککۆمار ئەردۆغان دەکەم کە بۆچوونی لەبارەی یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا نەگۆڕیوە. ئاسایش و سەقامگیریی ئۆکراینا، مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکەمان بوو".  
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا زیلینسکی مەرجی وڵاتەکەی خستەڕوو لەپێناو ئاشتییەکی هەمیشەیی و راگرتنی خۆێنڕشتن، ئەویش لە رێگەی کشانەوەی سوپای رووسیا لە خاکی ئۆکراینا و گوتی، "ئەو کاتە ئامادەین دانووستاندنی ئاشتی دەستپێبکەین و دەبێ لایەنی سێیەمیش گەرەنتیی جێبەجێکردنی مەرجەکانی دانوستاندنەکان بکات".
 
لەبارەی هەناردەکردنی دانەوێڵە، زیلینسکی رایگەیاند، رێڕەوی دەریای رەش کراوەیە و گوتی، "ناتوانم بڵێم ئارام و سەقامگیرە بەهۆی ئەوەی هێشتا جەنگ بەردەوامە، بەڵام رێڕەوەکە کارایە و دەکرێت لەلایەن تورکیاوە دەستپێشخەرییەکی نوێ بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی دانەوێڵە."  
 
لەو کاتەوەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022ـەوە هەڵگیرساوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان 12 جار بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی قسەی کردووە و دووجاریش لەگەڵی کۆبووەتەوە؛ جاری یەکەم لە کیێڤ و جاری دووەم لە ئیستەنبووڵ.
 
هەر لە هەمان ماوەدا ئەردۆغان 12 جار بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا قسەی کردووە و چوار جاریش کۆبوونەتەوە.
 
تورکیا ئەندامی ناتۆیە و پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ رووسیا و ئۆکرایناش هەیە. ئەو پەیوەندییە هاوکار بوو بۆ ئەوەی رووسیا و ئۆکراینا رێککەوتنی تایبەت بە گواستنەوەی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە لە 22ـی تەمموزی 2022 واژۆ بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە