ئەردۆغان: هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دوایین هەڵبژاردن دەبێت بۆ من

08-03-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا بۆ گەنجانی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، "بەو دەسەڵاتەی یاسا دیاریکردووە، هەڵبژاردنی داهاتوو دوایین هەڵبژاردن دەبێت بۆ من".
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئاداری 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە حەوتەمین دیداری گەنجانی تورکیادا بەشداریکرد کە لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو و گوتارێکی پێشکێشکرد. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی یاسا دیاریکردووە، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە رۆژی 31ـی ئاداری ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، دوایین هەڵبژاردنی دەبێت و گوتی، "ئەو هەڵبژاردنە بۆ من دوایینە. بەو دەسەڵاتەی یاسا دیاریکردووە، ئەم هەڵبژاردنە [هەڵبژاردنی شارەوانییەکان] دوایین هەڵبژاردن دەبێت بۆ من. ئەو ئەنجامەی بەدەستدێت دەبێتە گواستنەوەی ئەمانەتێک بۆ برایانم کە دوای من دێن".
 
ئەردۆغان باسی لەوەشکرد کە ئەو سەردەمەی بڕوانامە، پێوەری هەموو شتێک بوو، بەسەرچوو و رایگەیاند، ئێستا ئەزموون، توانا و لێهاتوویی تاکەکەسی زۆر گرنگە و گوتی، "گەورەترین هێزی وڵات و گەل گەنجەکانییەتی. گەلێک کە بێ هیوا بێت لە گەنجەکانی، واتا داهاتووی لەدەستداوە".
 
ئەم گوتانە لە کاتێکدان، رۆژی 31ی ئاداری ئەم ساڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت. 
 
ئاکپارتی و مەهەپە پێکەوە لەژێر ناوی هاوپەیمانیی جمهوور بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن و ئامانجیشیان ئەوەیە سەرکەوتن بەدەستبێنن، بەتایبەتی لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2019دا لەدەستیان دان.  
 
هەرچی ئۆپۆزیسیۆنیشە یەکڕیز نییە و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەربژێریان بۆ زۆربەی شارەکان هەیە. 
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان تیشکی خستە سەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و رایگەیاند، "ئەمریکا و ئەوروپا کە بوێری دەدەنە ئیسرائیل و پشتیوانی دەکەن، وەک پارێزەری بکوژانی ژن ومنداڵ ناویان لە مێژوودا تۆمار دەکرێت. حکومەتی ئیسرائیل و نەتانیاهووش بکوژن".
 
لەبارەی بزووتنەوەی حەماسیشەوە، ئەردۆغان گوتی، "بێگومان حەماس وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، بەڵکو بزوتنەوەیەکی بەرگرییخوازە کە بە گیانیان وڵات و خاکیان دەپارێزن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا: AA

فیدان: کارکردن بۆ کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ترەمپ بەردەوامە

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، کارکردن بەردەوامە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و دەڵێت، "کۆبوونەوەکە لە ئەمریکا یان لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، ئەوە لەو بابەتانەن کە کارکردن لەسەریان بەردەوامە".