گالەری

08-02-2023
30 Photos

رووداو دیجیتاڵ - وێنە: موراد بوڵووت 


تیمی رووداو لە شارۆچکەی ئیسلاحیەن لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، شارۆچکەکە بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکانی رۆژی دووشەممە بووەتە وێرانە.


راوین ستێرک، نێردراوی رووداو لە شارۆچکەکە دەڵێ "ئیسلاحیە یەکێکە لەو شوێنانەی باکووری کوردستان کە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بەجۆرێک نیوەی شارۆچکەکە بەتەواوی وێران بووە".

رەوش لە شارۆچکەکە خراپە و خەڵکەکەی ناڕازین، بەجۆرێک کاتێک موراد کوروم، سەرۆکی شارەوانیی تورکیا دوێنێ سەردانی شارۆچکەکەی کرد، خەڵکەکە پرۆتیستۆیان کرد.

هەتاوەکو ئێستا ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکە لە شارۆچکەکە نازانرێت و بەگوتەی پەیامنێری رووداو، خەڵک ناڕازین لەوەی تیمەکانی فریاکەوتن زۆر کەمن و پرۆسەی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بەهێواشی بەڕێوەدەچێت.

بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 6-2-2023 بوومەلەرزەیەکی بەهێز بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر و دواتر بوومەلەرزەی دووەم بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریایان هەژاند. چەقی بوومەلەرزەکان مەڕەشی باکووری کوردستان بوون.

بوومەلەرزەکان بوونە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە ناوچە جیاوازەکان و وێرانبوونی هەزاران باڵەخانە، هەتاوەکو ئێستاش پرۆسەی گەڕان بەدوای قوربانییان بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت زیاتریش بێت.