رووداو دیجیتاڵ
رزگارکردنی خوشک و برایەک لە جندرێس لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دوای دوو رۆژ مانەوە لەژێر داروپەردووی خانوویەکی رووخاودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی لێکەوتەوە.
ئەو کەسەی کە هەوڵی رزگارکردنی دوو خوشک و براکە دەدات قسەیان لەگەڵ دەکات و پرسیای ناویان دەکات، ئالا لە وەڵامدا دەڵێت، "بە خودا سوێندتت دەدەم لێرە رزگارم بکە، ئەگەر دەرم بهێنیت، چیت بوێت بۆت دەکەم. دەبمە خزمەتکارت".
ئالا و براکەی رزگار کران، بەڵام دایک و باوکیان گیانیان لەدەستداوە. ئەوان خەڵکی شاری حەمای سووریان و چەند ساڵێکە لە جندرێس لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەژین.
جندریس پڕە لە چیرۆکی منداڵانی قوربانی. مستەفای تەمەن 4 ساڵ، قوربانییەکی دیکەی بومەلەرزەکەیە لە شاری جندرێس. تاوەکو دێت هیوا بە دۆزینەوەی کەسانی زیندوو کەم دەبێتەوە.
ئێستا لەژێر ماڵ و باڵەخانە رووخاوەکان زیاتر تەرم دەردەهێندرێن تاوەکو کەسی زیندوو. خەڵکیش داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی دەکەن.
دایکی مەلیک، ئاوارەی جندرێس دەڵێت، "من و منداڵەکانم نووستبووین و هەستمان بە بومەلەرزەکە کرد. بە هاوکاریی دراوسێکانمان چووینە دەرەوە. ئێستا هیچمان نییە و شوێنێکیشمان نییە بۆی بچین، جگە لە خودا کەسمان نییە و نازانین بەرەو کوێ بڕۆین".
تاوەکو ئێستا بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 2500 کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و زیاتر لە 110 کەسیان لە هەرێمی عەفرینن. هەر لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش 4654 کەس برینداربوون کە زیاتر لە 330 کەسیان لە عەفرینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ