ئەردۆغان بەرپرسی MIT تووشی شۆک دەکات

رووداو - ئاژانسەکان

سەرۆککۆماری تورکیا لە کاردانەوەیەکی چاوەڕوان نەکراودا رایگەیاند کە پشتگیری لە کاندیدکردنی هاکان فیدان، راوێژکاری پێشووی دەزگای هەواڵگری MIT ناکات لەسەر لیستی پارتی داد و گەشەپێدان.

رۆژی 8-2-2015 رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا کە لە فڕۆکەخانە پێش دەستپێکردنی گەشتەکەی بۆ وڵاتی کۆڵۆمبیا دای، ئاشکرایکرد کە لەگەڵ کاندیدکردنی هاکان فیدان، راوێژکاری پێشووی دەزگای هەواڵگری MIT نییە.

دوو رۆژ پێشتر فیدان بە مەبەستی بوون بە ئەندام پەرلەمان لەسەر لیستی پارتی داد و گەشەپێدان AKP ی دەسەڵاتدار، دەستی لە پۆستە فەرمییەکەی کێشابووەوە. ئەحمەد داودئۆ‌غڵو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتگیری خۆی بۆ ئەو هەنگاوەی فیدان پێشاندابوو.

ئەردۆغان کە رایگشتی تورکیا چاوەڕێی دەکرد پشتگیری لەو هەنگاوە بکات، بە پێچەوانەوە گوتی: "من ئەرێنی ناڕوانم لە کاندیدکردنی هاکان فیدان، پێشتر بە سەرۆک وەزیرانیشم گوت. بەڵام دواجار سەرۆک وەزیران بڕیار دەدات و دەستتێوەردانی من راست نابێت".

سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە هەڵوێستی پارتە بەرهەڵستکارەکانیش گرت کە دەڵێن "نابێت بەرپرسێکی هەواڵگری کاندید بکرێت بۆ ئەندامپەرلەمانی" و گوتی: "دواجار ئەویش کارمەندی حکومەتە، وەک هەموو کارمەندێکی دیکە بۆی هەیە دوای دەستلەکارکێشانەوەی هەوڵی خۆکاندیدکردن بدات، هیچ یاسایەک نییە بۆ رێگرتن لەمە".