لە تورکیا و باکووری کوردستان گرانی و هەڵاوسان تەنگیان بە خەڵک هەڵچنیوە
رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا مشتومڕەکان لەبارەی گرانی و کەمترین بڕەمووچە بەردەوامن، هەرچەندە هەشت رۆژ بەسەر راگەیاندنی زیادکردنی کەمترین بڕەمووچە کە بە 22 هەزار و 104 لیرە دانرا، تێپەڕیوە، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن رەخنە لە حکومەت دەگرێت.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، "پار بە کەمترین بڕەمووچە کە 17 هەزار لیرە بوو و بە دڵی ئێمە نەبوو، 57 کیلۆ قیمەی گوێرەکە دەکڕدرا. بە کەمترین مووچەی نوێ، تەنیا 37 کیلۆ قیمەی گوێرەکە دەکڕدرێت. هەموو مووچەخۆران لانیکەم پێویستە ئەمە ببینن. پار دەتانتوانی 1700 سمیت بکڕن، ئەم ساڵ دەتوانن 1470 سمیت بکڕن".
هاوسەرۆکی دەم پارتیش دەڵێت، حکومەت باج و خەرجییە فەرمییەکانی 44٪ زیاد کردووە، بەڵام ئەو زیادکردنە بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتی بەکارناهێندرێتەوە.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، "سنووری برسێتی بۆ ساڵی 2024 لە کانوونی یەکەمدا بە 21 هەزار لیرە دیاری کرا. سنووری هەژاری بە 69 هەزار لیرە پێناسە کرا. لە کاتێکدا سنووری برسێتی و هەژاری بەم شێوەیەیە، کەمترین بڕەمووچەی ساڵی 2025 کراوە بە 22 هەزار و 104 لیرە. خێزانێک چۆن دەتوانێت بە کەمترین بڕەمووچە بگوزەرێ".
دوای دیاریکردنی کەمترین بڕەمووچە، رۆژی حەوتی کانوونی دووەم مووچەی نوێی خانەنشینان دەستنیشان کرا. مووچەی خانەنشینانیش بەراورد بە هەڵاوسان و رێژەی باجی فەرمی زۆر بە کەمی بەرزکرایەوە.
ڤەدات ئشکهان، وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی تورکیا رایگەیاند، "کەمترین بڕەمووچەی خانەنشینانی دامەزراوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە 12 هەزار و 500 لیرەیە، بڕیارمان داوە زیادی بکەین، بەپێی رێژەی هەڵاوسان بۆ ماوەی 6 مانگ، واتە 15.75٪ زیادکراوە. بەم زیادکردنە کەمترین بڕەمووچەی خانەنشینان بوو بە 14 هەزار و 469 لیرە".
لە تورکیا سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی بەڕێوەبردنی ئابووری، هەڵاوسانی بەرز و بەرزیی نرخ چارەسەر ناکرێت. بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024دا، هەڵاوسانی ساڵانە 44.38٪ بوو، لە بەرامبەردا کەمترین بڕەمووچە بۆ ساڵی 2025 دا تەنیا 30٪ زیادکرا.