پەرلەمانتارێکی پێشووی ئاکپارتی: چەکی پەکەکە بەربەستی بەردەم چارەسەری پرسی کوردە

 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتی داد و گەشەپێدان داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات، چەک دابنێن و لە ریزەکانی دەمپارتی سیاسەت بکەن، داواش لە دەم پارتی دەکات پشت بە پەکەکە نەبەستن و تەنیا داواکاریی سیاسییان هەبێت.
 
محەممەد مەتینەر، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی، رۆژی 4-11-2024 لە بارەگای سەرەکیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بۆ ماوەی 90 خولەک لەگەڵ دەولەت باخچەلی کۆببووەوە و باسیان لەو پێشنیازانە کردبوو کە هاوپەیمانیی جمهوور لەبارەی کورد خستوونیەتەڕوو.
 
رۆژی 5-11-2024 محەممەد مەتینەر، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی بووە میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 15.00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. رایگەیاند، مەرجی سەرەکیی ئەو پرۆسەیەی باسی لێوە دەکرێت، دانانی چەکە بە شێوەیەکی یەکجارەکی.
 
محەممەد مەتینەر هەروەها رەخنەی تووندی لە دەم پارتی گرت و بە پارتی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناوی برد.
 
لەبارەی ئەو هەڵمەتی قەییومەی لە باکووری کوردستان دەستیپێکراوە و سێ لە سەرۆکشارەوانییەکانی دەم پارتی لەکارلادراون مەتینەر گوتی: "ژمارەیەکی زۆر زانیاری و بەڵگە هەیە لەبارەی ئەوەی بەپێی رێنمایی پەکەکە و کەجەکە، دەسەڵات و توانای شارەوانیی بەکارهێناوە و هەر لەسەر خەرجیی شارەوانی ناوەندی کردوونەتەوە کە لەڕێیەوە گەنجان قایل کراون بۆ ئەوەی بنێردرێنە شاخ.  هەروەها لەبارەی ئەو سەرۆکشارەوانییانەی لەکار لادراون، بڕیاری دادگە هەن. دەوڵەتێکی یاسایی لەسەریەتی بریارەکانی دادگە جێبەجێ بکات".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد مەتینەر
 
رووداو: حکومەت، دەسەڵاتی تورکیا بەر لە هەفتەیەک باسیان لە چارەسەرکردنی پرسی کورد  کرد. دوای چەند رۆژێکیش قەییومان لەسەر شارەوانییەکان دانا. ئایا ئەو دوو شتە بەیەکەوە دەگونجێن؟ ئەگەر دەگونجێت، ئەنجامێکی چۆنی دەبێت؟ 
 
مەتینەر: سەرەتا دەمەوێ ئەمە روون بکەمەوە، ئەو پرۆسەیەی کە بە پرۆسەی چارەسەری ناوی دەبەین، بریتییە لە پرۆسەیەک کە دەبێ چەکەکان بۆ هەمیشە وەلا بنرێن. پرۆسەیەکە نابێ لەژێر سێبەری چەک سیاسەت بکرێت. چەک و سیاسەت پێکەوە نابن. ئەگەر پەکەکە دەستبەرداری چەک بێت، لە تورکیا هیچ کێشەیەکمان نابێت گفتوگۆی لەبارەیەوە نەکرێت و چارەسەر نەبێت. بەڵام پەکەکە بە چەکی دەستییانەوە لە باکووری سووریا بە زەبری چەک هەژموون و رژێمی خۆی بەسەر خەڵکی کوردی سووریا سەپاندووە. پەکەکە مەرج دەخاتە بەرامبەر تورکیا بۆ ئەوەی بوونیان قبووڵ بکات. رێکخراوی تیرۆریستی کە زیاتر لە 40 ساڵە لە دژی تورکیا دەجەنگێت بەدوای پێگە و سەروەریدایە. بەداخەوە دەم پارتی سیاسەتی ئەوان لەم وڵاتە جێبەجێ دەکات و بە سیاسەتەکانیانەوە بەربەست لەبەردەم ژیانێکی ئازادی زیاتری کورد دروست دەکات. ئێمە وەک سەرۆککۆمارمان رایگەیاند.
 
رووداو: بەڕێز مەتینەر ناچارم گوتەکانت پێ ببڕم. ئێوە گوتتان کورد لە ستاتۆیەک دەگەڕێن. ئایا هیچ مافێکیان لە سیستمی ئێستا دا نییە؟ بۆچی کورد نەتوانن داوای ستاتۆیەک بکەن؟ 
 
مەتینەر: پەکەکە بەدوای پێگەیەک ناگەڕێت بۆ کورد. پەکەکە لە هەوڵی دۆزینەوەی پێگەیەکە بۆ خۆی. بۆیە پەکەکە هاوکات بۆ کوردیش کێشەیە. ئەگەر پەکەکە لە هەوڵی بەدەستهێنانی پێگەیەک بوایە بۆ کورد، لە دژی دەسەڵاتدارانی کوردستان لە هەولێر نەدەچووە پاڵ رژێمی عێراق و حەشدی شەعبی ئێرانی. لە دژی دەسەڵاتدارانی کوردستانیش هەڵوێستی دوژمنکارانەی نیشان نەدەدا. لە باکووری سووریاش سیاسەتی دوژمنکارانە لە دژی ئەو کەسانە نەدەگرتەبەر کە پێچەوانەی ئەوان بیر دەکەنەوە. ئێمە هەموو جۆرە هەوڵێکی کورد بۆ بەدەستهێنانی ماف بە  مانادار و رێزلێگیراو دەزانین. هەر داوایەکیان هەبێت، لەو باوەڕەداین لەژێر چەتری دیموکراسیدا چارەسەر دەکرێت، بەڵام پەکەکە تەنیا و تەنیا لە هەوڵی ئەوەدایە ستاتۆیەک لەسەر پارچەیەک خاک بۆخۆی دروست بکات، ئەمەی بۆ کورد ناوێت. ئیدی کێشەکە لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. 
 
رووداو: بەڕێز مەتینەر دەمەوێت ئەمە بپرسم. ئێوە ماوەیەکی زۆرە لە نێو ئاکپارتی سیاسەت دەکەن و پەرلەمانتاریش بوون. لە بیرکردنەوەی حکومەت و دەوڵەتدا پرسی کورد چییە؟ وەک ئەوەی دەوڵەت هەموو شتێکی بە پەکەکەوە گرێدابێت. وەک ئەوەی بە دانانی چەک پرسی کورد کۆتایی دێت. ئایا چارەسەری حکومەت بۆ ئەم پرسە چییە؟
 
مەتینەر: تورکیا دەوڵەت و نیشتمانیی ئێمەی کوردیشە، لە تورکیا کورد و تورک هیچ کێشەیان نییە. لە تورکیای کۆن، نکۆڵی لە بوونی ئێمەی کورد دەکرا، ئەو کات کێشەی کورد هەبوو. زمانمان قەدەخەکراو بوو، ئەوکات کێشەی کورد هەبوو. بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان بە کۆکردنەوەی سەرۆک بارزانی و شڤان پەروەر لە گۆڕەپانی ئامەد-دا، سیاسەتی نکۆڵیکردن لە گەلی کورد-ی لە گۆڕنا کە جەهەپە پەیڕەوی دەکرد. ئیدی لە تورکیادا لەسەر بنەمای پاکتاوی نەژادی کێشەیەک نییە بەناوی کێشەی کورد. بەڵام سەرباری ئەمانەش، کورد داواکاریی دیکەی هەیە، بەدوای مافی زیاتر دەگەڕێن و کێشەشیان هەیە. بەڕێز باخچەلی و بەڕێز سەرۆککۆماریشمان جەخت لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەکەنەوە لە کەشێکی دیموکراسیدا. بەڵام چەکی پەکەکە بەربەستێکە لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکان. پەکەکە رێکخراوێکی کوردان نییە، هەروەها نوێنەرایتیی کورد ناکات، رێکخراوێک نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دامەزرابێت. ئەگەر رێکخراوی تیرۆریستی چەکەکەی بفڕێ بدات و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، لە تورکیا هەموو شتێک کە بۆ کورد پێویست بێت لە کەشێکی دیموکراسیدا بەرجەستە دەکرێت، چونکە رێگەی دیموکراسیی سیاسیی کراوەیە.
 
رووداو: بەڕێز مەتینەر، ئاکپارتی زیاتر لە 22 ساڵە لە دەسەڵاتە، بۆچی نەیتوانیوە لەو 22 ساڵەدا ئەو مافانە مسۆگەر بکات کە کوردان داوای دەکەن، هەروەک خۆتان دەڵێن، لە چوارچێوەیەکی دیموکراسی. ئایا نەیانتوانی یان نەیانکرد؟ 
 
محەممەد مەتینەر: بۆ نموونە کام ماف؟
 
رووداو: بۆ نموونە ناسینی کوردان لە دەستووردا. بۆ نموونە زمانی کوردی ببێتە زمانی پەروەردەیی، بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن بەو زمانە پەروەردە بکرێن، بەتایبەتی لە ناوچەی کوردان. ئەمانە مافی بنەڕەتین. 
 
محەممەد مەتینەر: هەروەک دەزانن دەستووری ساڵی 1982 هێشتا جێبەجێ دەکرێت. ئێمە لەو باوەڕەداین دەبێت ئەم دەستوورە بگۆڕێت. لە ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێدا بێگومان تەواوی داواکارییە دیموکراسی و رەواکانی کوردان دێتە سەر مێز. بەڵام گوتنی ئەوەی کە گوایە دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەناوە، ناحەقییەکی گەورەیە. ئێمە دەسەڵاتێکین کە نکۆڵیی دژی کوردانی هەڵگرت و تەواوی قەدەخەکانی بەردەم زمانی کوردیی لادا. ئەمڕۆ زمانی کوردی هاوشێوەی زمانی تورکیا بەشێکە لە کەرتی گشتی. ئێستا دەتوانرێت دیوانە کوردییەکانی مەلایێ جزیری و شێخ ئەحمەدی خانی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتیاریمان چاپ بکرێن. واتا ئەو پارادیگمایەی دەوڵەت کە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دروستی کردبوو کە مافی کوردانی نەدەبینی و نکۆڵی لە بوونیان دەکرد، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئێمەدا کۆتایی هات. لەمەودواش ئەو هەنگاوانەی پێویستن ئێمە دەیاننێین. 
 
رووداو: بەڵام مەبەستەکەی من ئەمە نییە بەڕێز مەتینەر. من ناڵێم کاتێک ئاکپارتی هات، هەنگاوی باشی نەنا. من نکۆڵی لەمە ناکەم. بەڵام ئەوە بنکەیەکی دەستووریی نییە و هەموو کەسێک دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ زمانی کوردی، مافی تاکە کەس بکات. واتا ئەمە بنکەیەکی دەستووریی نییە.  کاتێکیش باس لە گۆڕانکاریی دەستوور دەکرێت، دەگوترێت نابێت چوار یەکەم مادەی دەستوور بگۆڕدرێت.
 
محەممەد مەتینەر:  ئەمڕۆ لە زانکۆکانماندا بەشی زمان و ئەدەبی کوردی هەیە. پەنا بەخوا ژمارەیان زیاد دەکەین. جاران هیچ یەک لەمانە نەبوون. تەنانەت بەکارهێنانی وشەی کورد قەدەخە بوو و تاوان بوو باس لە بوونی گەلی کورد بکرێت. هەروەها بە کوردی قسەکردن، بە کوردی نووسین و بە کوردی بانگەشەکردن تاوان بوو. ئێستا ناکۆکییەکە ئەوەیە، پارتی گەلی کۆماری کە کێشەی کوردی دروستکردووە، لەگەڵ دەم پارتی، دەست لە نێو دەستن، ئەوان دوژمنداریی ئەردۆغان دەکەن کە لە گۆڕەپانی دیاربەکر دەستی خستە نێو دەستی سەرۆک بارزانی و کار بۆ لەنێوبردنی نکۆڵیکردن لە کورد دەکات. لێرەدا ئەو سیاسەتەی کێشەکەی دروستکردووە، ئەمەیە. ئەگەر لەکاتی خۆیدا کاتێک ئەردۆغان دەستی تەوقەی بۆ درێژکردن دەستیان بگرتایە و پشتگیرییان بکردبا، ئەمڕۆ تورکیا لە پێگەیەکی زۆر جیاوازدا دەبوو. بەڵام پەکەکە و پارتەکەی چییان کرد؟ دیسان تیرۆریان بەرزکردەوە، دەم پارتی چووە ریزی جەهەپە و هەوڵی هێنانەخوارەوەی ئەردۆغانیان دا. لەکاتێکدا پێویست بوو لە ریزی ئەردۆغان بوەستن کە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەنێت، دەم پارتی چووە ریزی پارتێک کە ساڵانێک نکۆڵیی لە کوردبوون کرد و کوردانی کۆمەڵکوژ کرد. بەوجۆرە پرۆسەکەی لەباربرد. ئێستاش دەیانەوێت هەمان شت دووبارە بکەنەوە، بەڕێز باخچەلی دەستی تەوقەی درێژکردووە و بەڕێز سەرۆکیشمان بانگەشەیەک دەکات و دەڵێت، لە ئەگەری دانانی چەک، دەکرێت تەواوی داواکارییەکان لە چوارچێوەیەکی دیموکراسیانە جێبەجێ دەکرێن. بەڵام پەکەکە دووبارە نیشانی دەدات کە چەک دانانێت و راستەوخۆ رۆژی دواتر هێرشی چەکداری دەکاتە سەر توساش (کارگەی دروستکردنی پێویستیی سەربازی) . هەر بۆیە هەتا چەکەکان لەنێونەبرێن، بەداخەوە رێگەکانی دیالۆگ واڵا نابن. هۆکاری ئەمەش پەکەکە و ئەو پارتە سیاسییەیە کە سیاسەتی پەکەکە پەیڕەو دەکات. ئێمە بەمجۆرە شتەکان دەبینین.
 
رووداو: بەڕێز مەتینەر ئێوە دەزانن دەولەت باخچەلی گوتی با عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و قسە بکات و بڵێت؛ من کۆتاییم بە پەکەکە هێنا. هەمووان وا تێگەیشتن کە پرۆسەیەکی نوێ دەستپێدەکات. جا ئێوە دوێنێ لای باخچەلی بوون و نزیکەی کاژێرێک و نیو گفتوگۆتان کرد. باسی چیتان کرد؟
 
محەممەد مەتینەر: دوێنێ لەگەڵ بەڕێز باخچەلی لە بارەگای پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دیدارێکی زۆر مانادارمان سازکرد. ئاڵوگۆڕی بیروڕامان کرد. ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا روونکردنەوەی پێویستیان دا. بەڕێز باخچەلی هەوڵوێستێکی هەیە کە پێیوایە داواکارییەکانی کوردان لە چوارچێوەی دیموکراسی وەڵام دەدرێنەوە. تەنیا دانانی چەکەکان وەکو مەرج دەبینێت. ئەو بە رادەیەک بوێرانە رەفتار دەکات کە تەنانەت پشتگیری لەوە دەکات عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی و رایبگەیەنێت کە پەکەکە چەک دادەنێت. ئەو دەستەی بۆ تەوقە درێژکراوە، دەستێکە رێگەی بەردەم چارەسەری واڵا دەکات. بەڵام لەبری ئەوەی ئەو دەستە بگیرێت، لەسەر چەند داواکارییەکی ماکسیمالیستانە دەهێننە پێشەوە. جا لە ناساندنی ئەو دەوڵەتۆچکەیەی باکووری سووریاوە بیگرن تا دەگاتە چەند داواکاریەکی نێوخۆیی تورکیا کە قبووڵکردنی مەحاڵە و ئەوان هەر لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری دەهێنن. کوردی ئەم وڵاتە تەنیا گوزارشت لە پەکەکە ناکات. تەنیا گوزارشت لەو کوردانە ناکات کە دەنگیان بە دەم پارتی داوە. کوردانی سووریاش تەنیا ئەوانە نین کە لایەنگری پەکەکەن. سەتان هەزار کوردی سووریا ئەمڕۆ لە هەولێر و تورکیادا دەژین. کێ ئەوانی نەفی کرد؟ کێ بوو ناچاری کردن ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن؟ پەکەکە رێکخراوێک نییە بەدوای مافی کوردانەوە بێت. جارێکی دیکەش ئەمە دەڵێمەوە کە پەکەکە بە تەنگ کێشەی کوردانەوە نییە و داواکارییەکی وەهای نییە. ئەگەر بێینە سەر پرسی قەییوم، سەیرکەن با بە روونی پێتان بڵێم؛ هیچ دەوڵەتێک رێگە بە پارتێکی سیاسی نادات کە سەر بە رێکخراوێکی تیرۆریستی بێت، رێکخراوێک کە شەڕی دەوڵەت بکات. بەڵام لە تورکیادا ئەو پارتە لە پەرلەمانە. ئایا ئێوە باوەڕ دەکەن لە هیچ وڵاتێکی ئەورووپا باوەڕ بە بوونی پارتێکی سەر بە داعش دەکەن، نموونەیەکی وەها هەیە؟ دەتوانن وڵاتێکی دیموکراسیی ئەورووپامان نیشان بدەن کە بانگەشە بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بکات؟ بەڵام لەو پەرلەمانەدا پارتی سیاسیی سەر بە رێکخراوی تیرۆرستی هەیە کە 40 ساڵە شەڕی دەوڵەت دەکات. ئەوەی بەو پارتە دەگوترێت شتێکە؛ ئێوە مەودا بخەنە نێوان خۆتان و چەکەکان و تەنیا سیاسەت بکەن. ئەگەر داواکاریتان هەیە، تەنیا لەڕێی سیاسییەوە بیخەنە رۆژەڤ. با دابنیشین و قسە بکەین، کێشەکان بەیەکەوە باس بکەین، داواکارییەکانتان بەیەکەوە جێبەجێ بکەین. بەڵام چەکەکانتان وەکو هەڕەشە بەکارمەهێنن. پێیاندەگوترێت پشتتان بە رێکخراوی تیرۆرستی مەبەستن. ئایا تورکیا لەم بانگەوازەیدا ناحەقە؟ باشە ئەگەر ئێوە بن، رووی دەمم لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەم. ئەگەر ئێوە بن و بزانن کە سەرۆکشارەوانییەکی هەڵبژێردراو هەوڵی رووخاندنی حکومەتەکەی بارزانی دەدات، هەروەها ببینن لە ژێر رێنمایی رێکخراوێکی تیرۆرستیی دژی حکومەتی بارزانی بجووڵێتەوە، هەروەها ببینن تواناکانی بەردەستی رادەستی ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە دەکات، ئایا رەزامەندی بۆ ئەو سەرۆکشارەوانییە نیشاندەدەن؟
 
رووداو: ئایا بەڵگەیەکی وەهاتان هەیە؟
 
محەممەد مەتینەر: بێگومان هەیە
 
رووداو: ئایا بەڵگەیەکی وەهاتان هەیە کە بیسەلمێنێت شارەوانیەکان دەرفەت و پارەیان بە پەکەکە داوە؟
 
محەممەد مەتینەر: بەڵێ، ژمارەیەکی زۆر زانیاری و بەڵگە هەیە لەبارەی ئەوەی بەپێی رێنمایی پەکەکە و کەجەکە، دەسەڵات و توانای شارەوانیی بەکارهێناوە و هەر لەسەر خەرجیی شارەوانی ناوەندی کردوونەتەوە کە لەڕێیەوە گەنجان قایل کراون بۆ ئەوەی بنێردرێنە شاخ. هەروەها لەبارەی ئەو سەرۆکشارەوانییانەی لەکار لادراون، بڕیاری دادگە هەن. دەوڵەتێکی یاسایی لەسەریەتی بریارەکانی دادگە جێبەجێ بکات. ئەگەر ئێوە بن سەرۆکشارەوانییەک بەناوی رێکخراوێکی تیرۆرستی چالاکی بکات و بریاری دادگەی هەبێت، ئایا جێبەجێی ناکەن؟ لێرەوە رووی دەمم دەکەمە ئێوە! ئایا جێبەجێی ناکەن؟ رێگە بە پەکەکە دەدەن پارتێکی سیاسی دروست بکات و بیەوێت حکومەتەکەتان لەڕێی چەکەوە بڕووخێنێت، ئایا رێگەی پێدەدەن؟ 
 
رووداو: بەڕێز مەتینەر، ئەوانە لەلایەن دەوڵەتەوە رێگەیان پێدراوە. هەدەپە بێت یان دەم پارتی، بە شێوەیەکی فەرمی دەڕۆنە هەڵبژاردن و دەڕۆنە پەرلەمان. واتا هیچ ئاستەنگیکی یاسایی لە بەردەمی ئەواندا نییە.
 
محەممەد مەتینەر: راستە! کەواتە دەبێت ئەوان بەهای ئەو یاساییبوونە بزانن، بەهای سیاسەت بزانن، ئەگەر تەنیا بۆ سیاسەتکردن هەڵبژێردرێن، نابێت پشت بە رێکخراوی تیرۆرستی قایم بکەن، بەڵکو دەبێت تەنیا داواکاریی سیاسییان هەبێت. ئایا دەکرێت دەوڵەتێک بۆ پەکەکە لە باکووری سووریا، داواکاریی پارتی سیاسی بێت؟ 
 
رووداو: بۆ ئەوەی پرۆسەیەک دەستپێبکات، کێ مەرجی خستووەتە بەردەم حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی ستاتۆی رۆژئاوای کوردستان بناسێت؟ پەکەکە یان دەم پارتی ئەمە دەڵێن؟
 
محەممەد مەتینەر: راگەیێندراوی دەم پارتی بخوێننەوە تکایە! ئێوەش بیخوێننەوە. ئەو راگەیێندراوە بخوێننەوە کە دەڵێت، ئەگەر مەرجەکانی ئیمە جێبەجێ نەکرێت، چەک دانانێین. ماوەیەک لەمەوبەر کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک مەسرور بارزانیش ئەمەیان باس کرد و گوتیان ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر خاکی ئێمە، بەهۆی پەکەکەیە، گوتی پەکەکە بۆ ئێمەش کێشەیەکی ئەمنییە. باشە ئێوە وەکو حکومەتی کوردستان بۆچی لە پەکەکە ناڕەحەتن؟ مادام پەکەکە داوای دەوڵەتێک بۆ کوردان دەکات، باشە بۆچی دوژمنداریی حکومەتی کوردستان دەکات؟ لەکاتێکدا دەبێت هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی کوردستان بکات، بۆچی لەپێناوی رووخاندنی حکومەتەکەی بارزانی هاوئاهەنگی لەگەڵ دوژمنانی دەکات؟ ئێوە خۆتان پەکەکە بە رەوا و یاسایی دەزانن؟ 
 
رووداو: ئەمە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵام بداتەوە بەڕێز مەتینەر، من ناتوانم نوێنەرایەتیی حکومەت بکەم. دەمەوێت پرسیاریکی دیکەتان ئاراستە بکەم. سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لە پرۆسەی چارەسەریدا لایەنی بەرامبەری حکومەت کوردان خۆیانن. مەبەستیان لەمەدا چیە؟ 
 
محەممەد مەتینەر: بەڵێ، ئێمەی کورد، کوردانی ئەم وڵاتە، کوردانی تورکیا بۆ داواکردنی مافەکانمان تەنیا هۆکارە سیاسییەکان بەکاردەهێنین. بە تووندی دژی ئەوەین لەڕێی دانیشتن و دانوستاندن لەگەڵ پەکەکە، داواکاری پێشکێش بکرێت. ئێمە دەمانەوێت دەوڵەت و حکومەت ئێمەی کورد وەکو لایەنی بەرامبەر قبووڵ بکات. ئەگەر کێشە و داواکاریمان هەبێت، ئێمە دەتوانین بیگەیەنینە دەوڵەت. پارت دادەمەزرێنین و تێدەکۆشین و خەڵک قایل دەکەین. ئەگەر پێویست بێت گۆڕانکاری لە دەستوور بکرێت، ئەوەش دەکەین. بیرتان بێت، کاتێک ئێمە وەکو ئاکپارتی هاتینە سەر حوکم، سەرۆکوەزیرانمان نەیدەتوانی کچە سەرپۆشەکانی خۆی لەم وڵاتەدا بخاتە بەر خوێندن، لەکاتێکدا خۆی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بوو. بەڵام ئێمە ئاراممان گرت و خەڵکمان قایل کرد. چەکمان نەگرتە دەست و هەوڵمان نەدا داواکارییەکانمان لەڕێی چەکەوە بگەیەنین. خەڵکمان قایلکرد و هاتینە دەسەڵات، چاوەڕێمان کرد و ئاراممان گرت. دواتریش تەواوی ئەو هەنگاوانەمان نان کە پێویست بوون. ئەوەتا ئەمڕۆ بە سەرپۆشێک و بێ سەرپۆشێک لە دەزگاکانی دەوڵەتدا بەیەکەوە کار دەکەن. ئێمە تەواوی جیاکاری و قەدەخەکانمان لەنێوبرد. هەروەها هەموو هەنگاوێک لە پرسی کورد و داواکارییەکانی هاووڵاتیانی کوردی ئەم وڵاتە دەنرێت. بەڵام بۆ ئەمە پێویست بە چەک ناکات. لەکاتێکدا کە توانا و رێگەی سیاسی هەیە، ئەگەر ئێوە چەک بەکاربهێنن، ئێوە رێکخراوی تیرۆریستین. سەپاندنی داواکاریی رێکخراوی تیرۆرستیش بەسەر ویستی کوردان، گورزێکە لە ئازادیی کوردان. با پەکەکە چەکەکانی بکشێنێتەوە و بێت، ئەسڵەن پارتیشی هەیە، ئەگەر دەیەوێت با سیاسەت بکات. بەڵام تۆ بڵێیت من ناتوانم خەڵک قایل بکەم و زۆرینە بەدەستبهێنم، هەروەها ناشتوانم بەتەنیا دەستوور بگۆڕم، کەواتە ئەمە چۆن بکەم؟ با لەڕێی چەکەوە بیکەم. ئەمە دەکرێت؟ یان دەبێت ئەمە لەڕێگەیەکی سیاسییەوە بکرێت، یانیش تەنیا لەڕێی چەکەوە. سیاسەت و چەک لە هەمان کاتدا نابێت. دەم پارتی دەبێت بریار لەسەر ئەمە بدات. ئەوانەی وادەزانن ئەو کێشەیە لەڕێی چەکەوە چارەسەر دەکرێت، ئەوەتا رێگەی شاخ واڵایە. ئەوانەش کە کۆکن لەسەر ئەوەی بابەتەکە لەڕێی سیاسەتەوە دەکرێت، پێویستە تەنیا لەڕێی دیموکراسی و یاساییەوە ئەم کارە بکەن.