ترەمپ و ئەردۆغان باسی زیادکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان تورکیا و ئەمریکا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە دۆناڵد ترەمپەوە کرد، بەهۆی دووبارە هەڵبژێردرانەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی لێکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 7-11-2024) بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندیی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکاوە کردووە و پیرۆزبایی لێکردووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئەردۆغان هیوای خواستووە لە قۆناخی داهاتوودا هاوئاهەنگیی نێوان ئەمریکا و تورکیا زیاتر بەرەوپێش بچێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی چوارشەممە 6-11-2024 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (توویتەری پێشوو)ـش رایگەیاندبوو "پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپی هاوڕێم دەکەم، کە دوای ململانێیەکی گەورە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دووبارە وەکو سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە."
ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، دۆناڵد ترەمپ بە جیاوازییەکی بەرچاو لەپێش کامالا هاریسی رکابەریەتی و سەرکەوتنی یەکلایی بووەتەوە.